بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرژهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە لە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینییەوە، تا ئێستا لانیکەم ١٠٤ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. ١١ کەس لە گیانبەختکردووان منداڵ بوون.

٤٢ کەس لەم گیانبەختکردووانە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (مەهاباد ١٣ کەس، بۆکان ١٣ کەس، پیرانشار ٨ کەس، ورمێ ٤ کەس، شنۆ ٣ کەس و سەردەشت ١ کەس)، ٣٤ کەس لە پارێزگای کوردستان (سنە ١٧ کەس، سەقز ٥ کەس، بانە ٣ کەس، کامێران ٢ کەس، دیواندەرە ٤ کەس، مەریوان ١ کەس و دێولان ٢ کەس)، ٢٠ کەس لە پارێزگای کرماشان (کرماشان ٨ کەس، جوانڕۆ ٧ کەس، شاباد ٣ کەس، قەسری شیرین ١ کەس و سەلاسی باوەجانی ١ کەس)، ١ کەس لە پارێزگای ئیلام (ئیلام ١ کەس)، ٥ کەس لە پارێزگای تاران (تاران ٤ کەس و وەرامین ١ کەس)، ١ کەس لە پارێزگای خوراسانی باکوور (قووچان ١ کەس)، ١ کەس لە پارێزگای قەزوێن (قەزوێن ١ کەس) و ١ کەسیش لە پارێزگای ئەلبۆرز (کەرەج ١ کەس) کوژراون.
هەروەها هەر لەم ماوەیە و لە دووتوێی سێ هێرشی سەربازیی سپای پاسداران لە ڕێکەوتەکانی ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبر)، ٢٣ و ٣٠ی گەڵاڕێزاندا (١٤ و ٢١ی نۆڤامبر) بۆ سەر مقەڕەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان، ٢١ کەس لە ئەندامانی ئەم حیزبانە و بنەماڵەکانیان گیانیان لەدەست داوە.

١. جەبار فەرقیزادە، ٣٦ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزدا (٢٤ی نۆڤامبر) لە نزیک گوندی «ئاسنەوە»ی مەریوان لە لایەن هێزەکانی یەکەی پاسەوانیی سنوورەوە تەقەی لێ کرا و کوژرا.

٢. شەماڵ خەدیری، ٣٢ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزاندا (٢٠ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مەهاباددا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران. ناوبراو دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزدا (٢٤ی نۆڤامبر) لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

٣. ڕێباز ساڵحی‌وەند، ٢١ ساڵان، لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزدا (٢٢ی نۆڤامبر) لە حاڵێکدا کە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بە مۆتۆر دەچوون کەوتە بەر دەسڕێژی گوللەی ساچمەی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژرا.

٤. کووروش پاژخ، ٢٧ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەڵاڕێزاندا (٢١ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی ئیلاهییەی کرماشان بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٥. ئیسماعیل گوڵعەنبەر لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەڵاڕێزان (٢١ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژرا.

٦. جەوهەر فەتاحی لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەڵاڕێزان (٢١ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژرا.

٧. جەلال ئەعزەمی لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەڵاڕێزان (٢١ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژرا.

٨. عیرفان کاکایی، مامۆستا، لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆدا بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا.

٩. بەهادین وەیسی، منداڵی ١٦ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆدا بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا.

١٠. موحسێن نیازی، ٢٥ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دێولاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

١١. تاهیر عەزیزی، لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی پیرانشاردا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

١٢. جەلال قوربانی لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی پیرانشاردا بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا.

١٣. سلێمان شوکری، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان لە لای سەرەوە پێکرا و بە قورسی بریندار بوو و دوای سێ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزاندا (٢٠ی نۆڤامبر) لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ گیانی لەدەست دا.

١٤. کاروان قادرشوکری، ١٦ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزاندا (٢٠ی نۆڤامبر) لە پیرانشار بریندار بوو و ڕۆژی دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

١٥. حسەین عەبدپەنا، هاووڵاتیی بەساڵاچوو، لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) لە هێرشی هێزە سەربازی-ئەمنییەکاندا بۆ سەر گەڕەکی بەهارانی سنە و بە تەقەی ئەو هێزانە کوژرا.

١٦. حەیبەڵڵا فەتحی لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دیواندەرەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

١٧. فواد سەواری لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دیواندەرەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

١٨. ئومید حەسەنی، ٢٠ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزاندا (١٨ی نۆڤامبر) و لە کاتی گەڕانەوەدا لە چلەی گیانبەختکردووانی سنە لە نێوان مەیدانی محەممەدی و تێرمیناڵی ئەم شارەدا لە لایەن پۆلیسەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی بنکەی هێزی ئینتیزامی لە مەیدانی ١٢ی خاکەلێوە. هەمان شەو ئەو هێزانە بە بێهۆشی دەیبەنە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە، بەڵام دوای یەک شەو لەبەر قورسبوونی برینەکانی کە بە باتۆم لێی دراوە و هەروەها خوێنلەبەرچوونی ناوەکی و مێشک، گیانی لەدەست دا.
١٩. شەهریار محەممەدی لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٩ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەم شارە لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

٢٠. کەمال ئەحمەدپووری لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٩ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی مەهاباددا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٢١. محەممەد ئەحمەدی گاگش، ٤٣ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٩ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی مەهاباددا بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا.

٢٢. ئەمیر فەراسەتی لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٩ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی پیرانشاردا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا.

٢٣. میلاد مەعرووفی، وەرزشکاری ٢٣ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٢٤. مێهران ڕەحمانی لە ڕێکەوتی لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی مەهاباددا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی ورمێ لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزاندا (١٩ی نۆڤامبر) لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

٢٥. ئارام حەبیبی لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزاندا (١٨ی نۆڤامبر) و دوای ڕێوڕەسمی چلەی چوار کەس لە گیانبەختکردووانی سنە کەوتە بەر تەقەی کوڵتی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان و کوژرا.

٢٦. شاهۆ بەهمەنی لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزاندا (١٨ی نۆڤامبر) و دوای ڕێوڕەسمی چلەی چوار کەس لە گیانبەختکردووانی سنە بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٢٧. عەبدوڕەحمان بەختیاری، ٦٦ ساڵان و مامۆستای خانەنشین، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی شەقامی سەعدیی مەهاباددا کەوتە بەر تەقەی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان و دوای ئەوەی گوللە بەر سەری کەوت، گیانی لەدەست دا.

٢٨. ئازاد حسەینپووری لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی مەهاباددا بە تەقەی هێزەکانی بەسیجی سپای پاسداران کوژرا.

٢٩. موستەفا شەعبانی. ٤٤ ساڵان کە خاوەن پێداویستیی تایبەت بوو، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانەکانی بۆکان و لە حاڵێکدا کە لە بەردەم ماڵەکەی خۆی دانیشتبوو لە مەودای چەند مەترییەوە کەوتە بەر تەقەی ساچمەزەنی هێزەکانی پۆلیسی دژەشۆڕش و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

٣٠. غەفوور مەولوودی لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٣١. هەژار مام خەسرەوی لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٣٢. هیوا جان‌جان لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٣٣. ئەمجەد عەنایەتی لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٣٤. ئاسۆ قادری، ٢٢ ساڵان و خەڵکی ڕەبەتی شاری سەردەشت، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی بانەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا. ناوبراو بۆ دیداری دایەگەورەی سەردانی بانەی کردبوو و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان.

٣٥. فەرهاد خەسرەوی، ٣٨ ساڵان و خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبر) لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا لە شەقامێکی سنە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژرا.

٣٦. سالار موجاور، ٣٠ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی میرئاوای بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٣٧. محەممەد حەسەنزادە، ٢٨ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی بۆکاندا بە دەستی هێزەکانی بەسیجی سپای پاسداران بە چەقۆ کوژرا.

٣٨. ئەسعەد ڕەحیمی، ٣٠ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٣٩. دانیال پابەندی، ١٧ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی کەریمئاوای سەقزدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٤٠. بورهان کەرەمی، ٣٢ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبر) و لە گردبوونەوەی خەڵک لە بەردەم ماڵی فواد محەممەدیدا لە کامێران بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٤١. فواد محەممەدی، ٣٨ ساڵان و باوکی دوو منداڵ، لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کامێراندا کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی سینا گیانی لەدەست دا.

٤٢. زانیار ئەڵڵامورادی، ٢٦ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی کانی کووزەڵەی سنەدا لە مەودای نزیکەوە کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و چەند کاتژمێرێک دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحید لەبەر قورسبوونی برینەکان و خوێنلەبەرچوونی ناوەکییەوە گیانی لەدەست دا.

٤٣. عیسا بیگلەری، ٣٩ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دەوروبەری زانکۆی کوردستانی سنەدا کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و گوللە بەر کەمەری کەوت و گیانی لەدەست دا.

٤٤. سامان قادربەیگی لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبر) و لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ، ڕۆژی دواتر  لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

٤٥. سامان ڕەحمانی، ٢٦ ساڵان و خەڵکی تیکاب و دانیشتووی تاران، لە ڕێکەوتی ٢١ی گەڵاڕێزان (١٢ی نۆڤامبر) و لە کاتی دروشمنووسیندا لە شەقامێکی تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ناسرا و لە کاتی دەستبەسەرکردندا بە باتۆم بە قورسی لێی درا و کوژرا.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی ناچار کران بەڵێننامەی نووسراو واژۆ بکەن کە لەسەر مردنی منداڵەکەیان هیچ هەواڵێک بڵاو نەکەنەوە و هەر بۆیە تەرمی ناوبراو بەبێ هیچ ڕێوڕەسمێکی ئاسایی لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا لە تیکاب ئەسپەردە کرا.

٤٦. هێمن حەمزە، ٣٠ ساڵان و باوکی دوو منداڵ، لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەڵاڕێزان (١١ی نۆڤامبر) و لە هێرشی هێزەکانی یەکەی سنوورپارێزی سەردەشتدا بۆ سەر گوندی «بێوران»ی ئەم شارە گوللەیەک بەر سینگی کەوت و گیانی لەدەست دا.

٤٧. ئەردەڵان قاسمی، ٤٨ ساڵان و خەڵکی گیلانی ڕۆژئاوا، لە ڕێکەوتی ١٩ی گەڵاڕێزان (١٠ی نۆڤامبر) لە کاتی دروشمنووسیندا لە بلواری تاقەوسانی شاری کرماشان لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە دەسڕێژی لێ کرا و کوژرا.

هێزەکان لە حاڵێکدا کە خوێنێکی زۆری لەبەر چووبوو گواستبوویانەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان، بەڵام نەیانهێشتبوو خێرا نەشتەرگەریی بۆ بکرێت و ئەردەڵان دوای چەند کاتژمێر بە هۆی خوێنلەبەرچوونی زۆرەوە گیانی لەدەست دا. دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەردەڵان قاسمی بە بنەماڵەکەی ١٦ میلیۆن تمەنیان لێ وەرگرتوون. هەروەها بنەماڵەکەی ناچار کراون نووسراوەیەک ئیمزا بکەن کە گوایە ئەردەڵان قاسمی لە کاتی دزینی ئۆتۆمبێلدا کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزەکانی پۆلیس.

٤٨. نەسرین قادری، خەڵکی مەریوان و دانیشتووی تاران، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا بە باتۆم کوژراوە. تەرمی نەسرین لە ڕێکەوتی ١٤ی گەڵاڕێزان (٥ی نۆڤامبر) و لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا بە شەو لە مەریوان ئەسپەردە کرا، باوکی نەسرین سەرەتا لەژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا «نەخۆشی»ی وەک هۆکاری مەرگی منداڵەکەی ڕاگەیاند.

٤٩. موئمین زەندکەریمی، ١٨ ساڵان، لە ڕێکەوتی ١١ی گەڵاڕێزان (٢ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چوارڕیانی گوڵشەنی سنە بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا. ناوبراو لە مەودای نزیک و لەپشتەوە بە چەکی ساچمەزەن کرایە ئامانج. هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەکەیان ناچار کرد تەرمی منداڵەکەیان بە شەو لە گوندی «ماچکە» ئەسپەردە بکەن.

٥٠. کۆمار دەرئوفتادە، ١٦ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزان (٢٩ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شەقامی کۆنەخانێی پیرانشار سنە بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٥١. داستان ڕەسوول، ٣١ ساڵان و هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزان (٢٩ی ئۆکتۆبر) لەگەڵ ژمارەیەک لە خزمانی دیکەی موتەلیب سەعیدپیرۆدا بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی ناوبراودا سەردانی گوندی چۆمانی بانەیان کردبوو کە لە خاڵی سفری سنووریدا کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژرا. لەم دەسڕێژەدا دوو هاووڵاتیی تری هەرێمی کوردستانیش بریندار بوون.

٥٢. موتەلیب سەعیدپیرۆ، ٤٠ ساڵان و خەڵکی بانە، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە بانە، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی و لە حاڵێکدا کە دەیویست سواری ئۆتۆمبێلەکەی بێت، کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی بەسیج و پۆلیسی دژەشۆڕش و کوژرا.

٥٣. ئیسماعیل (سمکۆ) مەولوودی، ٣٥ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٥٤. کوبرا شێخە، ٥٢ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٥٥. زانیار ئەبووبەکری، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٥٦. شاهۆ خزری، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٥٧. محەممەد شەریعەتی، خەڵکی سنە، و خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە سنە، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٥٨. فریشتە ئەحمەدی،٣٢ ساڵان، خەڵکی مەهاباد و دایکی دوو منداڵ، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە و لە حاڵێکدا کە لەسەر بانی ماڵەکەی بوو، کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٥٩. مەسعوود ئەحمەدزادە، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و ڕۆژی دواتر لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

٦٠. فەرەیدوون فەرەجی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چلەمین ڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە سەقز، بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٦١. حەمید گوڵی، ٤٦ ساڵان و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا بە باتۆمی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٦٢. ئەفشین ئاشام، ٢٨ ساڵان، لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی قەسری شیریندا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٦٣. سارینا ساعێدی، ١٦ ساڵان و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانی شەوانەی گەڕەکی «نایسەر»ی ئەم شارەدا کەوتە بەر باتۆمی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و بە قورسی بریندار بوو. ئەم منداڵە ڕۆژی دواتر برایە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە، بەڵام لەبەر قورسبوونی برینەکانی دوای چەند کاتژمێر گیانی لەدەست دا. کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٦ی گەڵاڕێزان (٢٨ی ئۆکتۆبر) تەرمی ئەم منداڵە تەنها بە ئامادەبوونی چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی سنە ئەسپەردە کرا.

گەرچی باوکی سارینا ساعێدی لەژێر هەڕەشە و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا ناچار کرابوو بچێتە بەر کامێرای تەلەفیزیۆنی پارێزگای کوردستان و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری دەواودەرمان وەک هۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵەکەی ڕابگەیەنێت، بەڵام ڕۆژانی دواتر دایکی و ئەندامانی تری بنەماڵەکەی ئەم بانگەشە و قسە زۆرەملێیانەیان بە درۆ خستەوە.

٦٤. محەممەد لوتفوڵڵاهی، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزان (٢٦ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دەستبەسەر کرا. ناوبراو کە بە قورسی بریندار ببوو برایە ناو مینی پاسێکی و لەوێوە گوازرایەوە بۆ شوێنەکی نادیار. بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر)، تەرمی ئەم هاووڵاتییە بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان ئەسپەردە کرا.

٦٥. عەلیڕەزا حسەینی، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، شەوی چوارشەممە ٢٧ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبر) لە هێرشی هێزە سەربازی-ئەمنییەکاندا بۆ سەر ماڵەکەی لە تاران کوژرا. ئەم ماڵە کە شوێنی ژیانی ژمارەیەک کرێکاری پەنابەر بوو، بە گومانی ئەوەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی ئەو کرێکارانە، کەوتبووە بەر هێرشەوە.

٦٦. سینا نادری، ٢٣ ساڵان و خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی «دەرەدرێژ»ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی مەبەستداری هێزەکانی سپای پاسداران و بە دوو گوللەی جەنگی کوژرا.

٦٧. ئارمین سەیادی، ١٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «قەڵازنجیری قەڵخانی»ی شاری داڵاهۆ و دانیشتووی کرماشان لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی «دەرەدرێژ» (مەهدییە)ی ئەم شارە و لە حاڵێکدا کە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی ئەڕۆیشت، کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژرا. دوو سەرنشینەکەی تری ئەم ئۆتۆمبێلەیش گوللەیان بەر کەوت و بە قورسی بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

٦٨. عەزیز مورادی، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی «نایسەر»ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی چەکی شەڕی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٦٩. کەمال فیقهی، خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە و لە حاڵێکدا کە لەسەر بانی ماڵەوە بوو، کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

٧٠. ڕامین کەرەمی، ٣١ ساڵان و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و دوای ٨ ڕۆژ هەواڵی گیانلەدەستدانی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنرا.

٧١. سەیدمحەممەد حسەینی، خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی «مەسکەنی مهری کووهدەشت»ی سەقز، لەبەر ناڕەزایی دەربڕین و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پۆلیسی دژەشۆڕش کە خەریکی شکاندن و تێکدانی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان بوون، لە لایەن ئۆتۆمبێلەکی دژەشۆڕشەوە کرا بە ژێرەوە.

شایەتحاڵە مەیدانییەکان دەڵێن ئۆتۆمبێلەکەی دژەشۆڕش بۆ دڵنیابوونەوە لە مردنی ناوبراو جارێکی تریش بەسەر تەرمەکەیدا ڕۆیشتووە. لەبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان، بنەماڵەی سەیدمحەممەد حسەینی ڕایانگەیاندووە کە بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست داوە.

٧٢. ڕامین فاتیحی، ٤٩ ساڵان و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبر) لەگەڵ براکەیدا وریا فاتیحی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، خوشکەکەیشی، ڕاد فاتیحی، ڕۆژڕک پاشتر دەستبەسەر کرا. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەر (٢٠ی ئۆکتۆبر) بنەماڵەکەیان بانگهێشت کرد و پێیان ڕاگەیاندن کە ڕامین لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لە هەوڵێکی خۆکوشتندا گیانی لەدەست داوە.

بنەماڵە و براکەی  ئەم بانگەشەیەی ئیدارەی ئیتلاعاتیان بە درۆ خستووەتەوە و وتوویانە ڕامین فاتیحی لەژێر ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا کوژراوە. تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردە شەوی ٢٩ی ڕەزبەر (٢٠ی ئۆکتۆبر) تەنها بە ئامادەبوونی خزمێکیان کە بۆ ناسینەوەی تەرمەکە بانگ کرابوو و بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵەکەی بە شێوەی نهێنی لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی سنە ئەسپەردە کرا.

٧٣. ئارین موریدی لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی سەلاسی باوەجانیدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و ڕۆژی دواتر لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە ناوەندێکی پزیشکیی کرماشان گیانی لەدەست دا.

٧٤. پەیمان مینبەری، ٢٥ ساڵان، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر گوللەی چەکی شەڕی هێزە ئەمنییەکان و لە پشتەسەرەوە پێکرا و گیانی لەدەست دا.

٧٥. داریووش عەلیزادە، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا لە شەقامی سیرووس کەوتە بەر گوللەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٧٦. محەممەد ئەمینی، ٣٣ ساڵان، خەڵکی سنە، شەوی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا لە گەڕەکی کارئامووزی لە مەودای نزیکەوە کەوتە بەر گوللەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٧٧. یەحیا ڕەحیمی، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە حاڵێکدا کە بە ئۆتۆمبێلی پرایدەکەی خۆی لە سێ ڕیانی تاج لە ڕۆیشتندا بوو، لەبەر هۆڕین لێدان کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان و کوژرا.

٧٨. نیما شەفەقدووست، منداڵی ١٦ ساڵانی دانیشتووی گەڕەکی کوشتارگای ورمێ، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی پۆلیس، دەیان ساچمەی بەرکەوت و بە قورسی بریندار بوو. تەرمی ئەم منداڵە ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەر (٥ی ئۆکتۆبر) لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

٧٩. موختار ئەحمەدی، خەڵکی مەریوان، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەر (١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٨٠. ئیسماعیل دزوار، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا بەڵام تەرمەکەی لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەردا (١٠ی ئۆکتۆبر) براوەتە نەخۆشخانەی ئەم شارە. بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا وتوویانە منداڵەکەیان بە «ڕووداوی هاتوچۆ» گیانی لەدەست داوە.

٨١. عەلی موزەفەری، ١٧ ساڵان و هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قووچان، لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرماناندا (٢٢ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە مەودای نزیکەوە کەوتە بەر گوللەی ساچمەیی هێزەکانی دژەشۆڕش. ناوبراو لە حاڵێکدا کە بریندار ببوو کەوتە بەر لێدانی چەند کەسێکی جلوبەرگ مەدەنی. هاوڕێکانی بردیانە نەخۆشخانە بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە هۆی خوێنلەبەرچوونی زۆرەوە گیانی لەدەست دا.

٨٢. دانش ڕەهنما، ٢٥ ساڵان، خەڵکی گوندی بالۆی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم گوندەدا بە تەقەی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

٨٣. عەبدوڵڵا مەحموودپوور، ١٦ ساڵان، خەڵکی گوندی «بالۆ»ی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم گوندەدا بە تەقەی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

٨٤. ئەمین مەعریفەت، ١٦ ساڵان، خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

٨٥. میلان حەقیقی، ٢١ ساڵان، خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

٨٦. سەدرەدین لیتانی، ٢٧ ساڵان، خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

٨٧. موحسین قەیسەری، ٢٥ ساڵان، خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە شەقامی تاڵەقانیی ئیلام کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و کوژرا.

٨٨. ئەمیرعەلی فوولادی (نەوشیروان)، خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە نزیک قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٨٩. سەعید محەممەدی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە نزیک قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٩٠. ئیمان محەممەدی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە نزیک قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

٩١. ئەمیرحسەین بەساتی، ١٦ ساڵان، خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە مەودای چەندمەترییەوە کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزەکانی پۆلیس و کوژرا.

٩٢. محەممەد زارعی، هاووڵاتیی خەڵکی سونقوڕی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی قەرچەکی وەرامین، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە لە ناوچەی «باقرئاوا» بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٩٣. عەلیڕەزا فەتحی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی سونقوڕی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە ناوچەی پیشەسازیی ئەلوەندی قەزوێن بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٩٤. ڕووزبێهـ خادمیان، ٣٢ ساڵان، خەڵکی سونقوڕی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی کەرەج، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

٩٥. عەبدولسەلام قادر گەلوان، خەڵکی شنۆ کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) بە تەقەی هێزە هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار ببوو، ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبر) لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

٩٦. مینوو مەجیدی، ٦٣ ساڵان، دایکی سێ مداڵ و خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر)  بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە شەقامی نەوبەهاری کرماشان کوژرا. ئەم هاووڵاتییە کە خەڵکی قەسری شیرین بوو بە هۆی شەڕی ئێران-ئێراقەوە کۆچی کرد بۆ کرماشان. ناوبراو دوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە پەروەردەی مامۆستایان دەرکرا و لە قۆناغێکی ژیانیدا وەک ڕاهێنەری خۆبەخشی تێنیسی سەرمێز (پینگ پۆنگ)ی نەبیستان چالاک بوو.

٩٧. ڕەزا شەهپەرنیا، ٢٣ ساڵان، خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر) لە کرماشان کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و دەیان ساچمە بەر لەشی و گوللەیەکیش بەر دڵی کەوت و کوژرا. تەرمەکەی دوای دوو ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێننامە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە کرماشان ئەسپەردە کرا.

٩٨. فەرجاد دەروێشی، ٢٣ ساڵان، خەڵکی گوندی بالۆی ورمێ لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبر) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی گەڕەکی وەلیعەسری ورمێدا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

٩٩. زەکەریا خەیاڵ، ١٦ ساڵان و خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی پیرانشاردا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

١٠٠. سەمەد بەرگی‌نیا، ٥٢ ساڵان و خەڵکی پیرانشار کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر) بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بریندار ببوو، ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبر) لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

١٠١. فەرەیدوون مەحموودی، خەڵکی سەقز کە ٣٣ ساڵان و باوکی دوو منداڵ بوو لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی شاری سەقزدا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

١٠٢. ڕەزا لوتفی، خەڵکی دێولان، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

١٠٣. موحسین محەممەدی، خەڵکی دیواندەرە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو و ڕۆژی دواتر لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.

١٠٤. فواد قەدیمی، ٣٩ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی دیواندەرە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دیواندەرەدا بریندار بوو و دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.