بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی سەرماوەز (٢٩ی نۆڤامبر) ئیبراهیم شەریفی، هاووڵاتیی ٢٩ ساڵانی خەڵکی بۆکان کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی سەیدولشوهەدای ورمێ گیانی لەدەست دا.

دەوترێت تەرمی ئەم هاووڵاتییە گیانبەختکردووە تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە لە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی، تا ئێستا لانیکەم ١١٠ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. ١٢ کەس لە گیانبەختکردووان منداڵ بوون.