ڕۆژی ڕابردوو و دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەفتەی بامشاد سلێمانخانیدا، خوێندکاری ٢١ ساڵانی خەڵکی ئاودانان و دانیشتووی دێلوڕان کە ڕۆژی ٣ی جۆزەردان (٢٤ی مەی) بە شێوەیەکی گوماناوی لە نەخۆشخانی ئیلام گیانی لەدەست دا، زنجرەیەک مانگرتن و خۆپیشاندانی بەربڵاو شاری ئاودانانی گرتووەتەوە.

کاسبکاران و بازاڕییانی ئاودانان ڕۆژی ڕابردوو ١١ی جۆزەردان (١ی ژوەن) لە ئاست مەرگی گوماناویی ئەم خوێندکارەدا مانیان گرت و دووکانەکانیان داخست. لە دوانیوەڕۆی دوێنێوە تا کۆتایی شەو گەڕەکە جیاوازەکانی ئاودانان بوونە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی ناڕەزاییانەی بەربڵاوی هاووڵاتیان. لەم زنجیرە ناڕەزایەتییەدا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتی بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی ساچمەی هێزەکانی دژەشۆڕش بریندار بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە شاری ئاودانانەوە بە دەستمان گەیشتووە، لە ڕۆژی ڕابردووەوە کەشێکی سەربازی و ئەمنی باڵی بەسەر ئەم شارەدا کێشاوە و هێزە ئەمنییەکان لە ناوەندە پزیشکییەکانی ئەم شارەدا جێگیر کراون و بەدوای ناونیشانی هاووڵاتیانی برینداردا دەگەڕێن.

هەروەها لە دوێنێوە ئینتەرنێت لەم شارەدا تێک چووە و خێراییەکەی دابەزیوە.

ڕۆژی ڕابردوو عێمران عەلیمحەممەدی، سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ئیلام، لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا ڕایگەیاند: «بامشاد سلێمانخانی، لاوی ٢١ ساڵەی ئاودانانی کە دانیشتووی شاری دێلوڕان بووە، بە هۆکارێکی کەسییەوە و لەڕێی هەڵدانی حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و پاش گوازرانەوە بۆ ناوەندی پارێزگا، دواجار لە نەخۆشخانەی ڕازیی ئیلام گیانی لەدەست دەدات».

بەڵام دوێنێ باوکی ئەم خوێندکارە لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی «تابناک»ی ئیلامدا وێرای ڕەتکردنەوەی گریمانەی خۆکوشتنی منداڵەکەی وتوویەتی: «ئەگەری خۆکوشتن لە ئارادا نییە، چونکوو پرسی خۆکوشتن بە هۆی بەکارهێنانی حەبی ناپرۆکسێنەوە لە ناوەندە پزیشکییەکاندا بوو بە گریمانەیەک. پێشتریش وتوومە کوڕەکەی من هیچ جۆرە کێشەیەکی دەروونی، ئەخلاقی یان بنەماڵەیی و دارایی نەبوو تاکوو بیهەوێت بە پەنابردن بۆ خۆکوشتن لەو کێشانە ڕزگاری بێت…».

هەروەها لە درێژەدا زیادی کردووە: «ئەڵبەت گازندە و ڕەخنەی قورسم لە دادگایش هەیە کە بۆچی بەبێ هۆ یاری بە ئابڕوو و کەسایەتیی ئەو ڕەوانشادە و بنەماڵەکەمان دەکەن؟ بەپێی کامە تاقیکاریی پزیشکی بۆیان سەلماوە کە خۆی کوشتووە؟ هێشتا ئەنجامی توێکاری و ژەهرناسی ڕانەگەیەنراوە، چۆنچۆنی پێش بۆچوونی پزیشکی هۆکاری مەرگەکەیان بە خۆکوشتن لە قەڵەم داوە؟ لە حاڵێکدا کە من دەڵێم بە هۆی جۆراوجۆریی هۆکارەکانی مەرگەوە کە زنجیرەیەک لە هۆکار و کێشەی سییەکان، مێشک و تەنانەت شکانیشی لەگەڵ بووە، مەرگی کوڕەکەم بێ‌پێوەندی نییە بە کەمکاریی پزیشکییەوە، بەڵام گریمان من وازم لە مافی خۆم هێنا، ئەوان چۆن ئیجازە بە خۆیان دەدەن بۆچوونی پێچەوانەی حەقیقەت ڕابگەیەنن؟».

باوکی بامشاد سلێمانخانی لەم وتووێژەدا بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی کوڕەکەی لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا ڕەت دەکاتەوە، بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کوڕەکەی لە ئینستاگرامدا پۆستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی بڵاو کردووەتەوە: «پاییزی ساڵی رابردوو ئەویش لەژێر کاریگەریی دەوروبەردا جارجار هەندێ بابەتی پۆست دەکرد، بەڵام هێندە نەبوو کە وەک دژبەر لە قەڵەم بدرێت، وەک ئەو پۆستە ڕەخنەگرانانەی هەمووان دایاندەنا».