ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی پووشپەڕ (٢٨ی ژوەن) هاوکات لەگەڵ جێژنی قورباندا و سەرەڕای جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەکان و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی دادخوازان، ڕێوڕەسمی نۆجێژنەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە، سنە و… بە ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک بەڕێوە چوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژی ڕابردووەوە دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی شارە جیاوازەکانی کوردستان لە ڕێی تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گیانبەختکردوان کردووە کە بۆیان نییە ڕێوڕەسمی نۆجێژنە بگرن و بچنە سەر مەزاری گیانبەختکردوان. هاوکات ئەمڕۆ هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان و هێزەکانی یەکەی تایبەت لە دەوروبەری گۆڕستانی شارەکانی سنە، بۆکان و دیواندەرە جێگیر کراون و ڕێگرییان کردووە لە ئامادەبوونی هەندێ لەو هاووڵاتیانەی کە ویستوویانە لە ڕێوڕەسمی نۆجێژنەی گیانبەختکردواندا بەشداری بکەن و بڕۆنە سەردانی مەزارەکانیان.

سەرەڕای هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی دادخوازان و جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری گۆڕستانی شارە جیاوازەکاندا، ڕێوڕەسمی نۆجێژنە لەسەر مەزاری گیانبەختکردوان و لەگەڵ وتنەوەی دروشم و سروودی شۆڕشگێڕانەدا بەڕێوە چووە. هەروەها لە بەیانیی ئەمڕۆوە هاووڵاتیان سەردانی ماڵی دادخوازانیان کردووە و یادی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانەکەیان بەرز ڕاگرتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا و لە خەرمانانی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا (سێپتامبری ٢٠٢٢)، ١١٣ هاووڵاتیی کورد بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆی گوللەی ساچمە و جەنگی یاخود باتۆم و چەقۆی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژراون. ٨ هاووڵاتییش دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە لەژێر ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەکاندا یان ماوەیەکی کورت دوای ئازادبوون گیانیان بەخت کردووە. ٢ کەسیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە کە دەوترێت هێزەکانی حکوومەت کوشتوویانن.