چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش تەرمی کۆڵبەرێکی ٣٩ ساڵان بە ناوی ئاسۆ کەریمی لە ناوچەی سنووریی «شۆشمێ»ی شاری نەوسوودی پارێزگای کرماشان دۆزرایەوە. ئەم کۆڵبەرە کە لە دەسڕێژی شەوی ڕابردووی هێزە سنوورپارێزەکاندا بۆ سەر کۆڵبەران بە سەختی بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست داوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی گەلاوێژ (٧ی ئاگۆست) دوای چەندین کاتژمێر گەڕانی بەربڵاوی خەڵک بە ناوچەی شۆشمێی شاری نەوسوودی پارێزگای کرماشاندا، تەرمی کۆڵبەرێکی ٣٩ ساڵانی دانیشتووی پاوە بە ناوی ئاسۆ کەریمی لە ناو باخێکی ناوچەکەدا دۆزراوەتەوە. ئاسۆ کەریمی شەوی ڕابردوو بە هۆی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانەوە بۆ دەستەیەک لە کۆڵبەران بریندار ببوو. ئەم کۆڵبەرە کە دوای برینداربوون توانیبووی خۆی بگەیەنێتە یەکێک لە باخەکانی ناوچەکە، بە هۆی قورسبوونی برینەکان و خوێنلێچوونی فراوانەوە گیانی لەدەست داوە.

شەوی ڕابردوو ١٥ی گەلاوێژ (٦ی ئاگۆست) دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی شاری نەوسوودی پارێزگای کرماشان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا لانیکەم ٧ کۆڵبەر بریندار بوون. ناسنامەی ٦ کەسیان بەم جۆرە ڕاگەیەنرابوو: ئێحسان ڕەسوولی خەڵکی پاوه، نیما ئەعزەمی، سەلام وەیسی، میلاد بازانی و هۆشیار بازانی خەڵکی جوانڕۆ و فەرشاد خەڵکی سەلاسی باوەجانی.