نیوەڕۆی پێنجشەممەی ڕابردوو ١٥ی گەڵاڕێزان، دەستەیەک کۆڵبەر لەسەر سنووری شاری چاڵدۆرانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەکەونە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و لەم نێوانەدا کۆڵبەرێکی ٣٨ ساڵان بە ناوی حەسەن دلایی میلان لە حاڵێکدا کە وەستێنرابوو، لە لایەن ئەم هێزەوە و لە مەودایەکی نزیکەوە گوللەباران کرا.
کەسێکی خەڵکی ئەم ناوچەیە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی: «کاتژمێر ١٦ی ڕۆژی پێنجشەممە لە ناوچەی سنووریی ئەلگانی چاڵدۆران، کاروانێکی کۆڵبەران کە باری جگەرەیان لە ئەسبەکانیان بار کردبوو و بۆ گوندێکی کوردستانی تورکیا دەچوون، کەوتنە بۆسەی هێزەکانی بنکەی سنووریی عەمووخانزەوە و لە حاڵێکدا کە خۆیان تەسلیمی ئەم هێزانە کردبوو، لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لێ کرابوو و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی حەسەن دلایی میلان سێ گوللەی بەر کەوتبوو و گیانی لەدەست دابوو».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حەسەن دلایی میلان تەمەنی ٣٨ ساڵ، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی «قاشقابڵاغ»ی چاڵدۆران بووە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «دەیان کەس لە خەڵکی ناوچەکە دوای ئاگاداربوونەوە لە تەقەکردنی هێزەکان، چوونە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ئەو هێزانە تەقەیان لە خەڵکیش کرد و تا کاتژمێرێک مۆڵەتیان بە کەس نەدا نزیکی ئەو شوێنە بێتەوە. دوای بەرفراوانبوونەوەی کۆبوونەوەی خەڵک ئینجا تەرمی ئەو کۆڵبەرە لە لایەن خەڵکی گوندەکەوە برایە پزیشکیی یاسایی چاڵدۆران و دوای تەواوبوونی کارە ئیدارییەکان ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە».


بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەم تەقەکردنەدا لانیکەم دوو ئەسبی کۆڵبەرانیش کوژرا.
ئەم سەرچاوەیە لەسەر تۆمارکردنی شکات و داوای یاسایی لە لایەن بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرەوە لە دادگادا وتی: «هەموو ساڵ چەندین کەسی خەڵکی ئەم ناوچەیە زۆر ئاسان بە دەستی هێزەکانی پاسەوانی سنوور ئەکوژرێن و لەبەر ئەوەی کە لە ڕاستیدا یاسا و دادگا پاڵپشتی لە هێزە چەکدارەکان دەکەن، هەر بۆیە خەڵک هیچ هیوایەکیان بەم جۆرە بەدواداچوونانە نییە».
پێشتر، لە ١٢ی گەڵاڕێزاندا، هێزەکانی پاسەوانی سنوور تەقەیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەرانی گوندی «ڕاویان»ی شاری خۆیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کردبوو کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی چاووش (سیاوەش) کورەسەنی کە ئەندامی شۆرای گوندی ڕاویان بوو، دەستبەجێ گیانی لەدەست دابوو.