دەمەوبەیانی ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزان، دەستەیەک لە کۆڵبەرانی خەڵکی گوندی «ڕاویان»ی شاری خۆی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کەوتنە بەر تەقەی هێزەەکانی پاسەوانی سنوور و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی چاووش (سیاوەش) کورەسەنی کە ئەندامی شۆرای گوندی ڕاویان بوو، دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی ڕاویان دوای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی: «کاتژمێر ٤ی دەمەوبەیانی ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزان، نزیکەی ٥ کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە کە باری جگەرەیان پێ بووە، لە مەودایەکی نزیکەوە کەوتنە بەر تەقەی هێزەکانی بنکەی سەرسنوور و چاووش کورەسەنی گوللەی بەر کەوت و کوژرا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، چاووش کورەسەنی، لەدایکبووی ١٣٦٩ و باوکی منداڵێکی ٤ مانگان و یەک لە ئەندامانی شۆرای گوندی ڕاویانی ناوچەی قەتووری شاری خووی بوو.


ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «لە بوومەلەرزەکەی پارەکەی ناوچەی قەتووردا ماڵەکەی چاووش ڕووخا و هەر بۆیە لە گەڕەکێکی خوویدا ماڵێکی بە کرێ گرتبوو و بە ناچار ڕووی لە کۆڵبەری کردبوو».
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی: «دوای کوژرانی ئەم کۆڵبەرە بە دەستی هێزە سنوورپارێزەکان، تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی خووی و ئینجا براوەتە بەهەشت زەهرای ئەم شارە و لەوێ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە».
ئەم کۆڵبەرە کوردە دوێنێ لە گوندی ڕاویان ئەسپەردە کرا و تا ئێستا هیچ کەسێک لەو بنکە سنوورییەدا لەبەر کوشتنی ئەم کۆڵبەرە نەکەوتۆتە بەر لێپرسینەوەی یاسایی.