ڕۆژی ڕابردوو هاووڵاتییەک بە ناوی سەعدی ڕۆستەمزادە، ٣٦ ساڵان و خەڵکی شاری هەورامانی تەختی سەر بە سەوڵاوای پارێزگای کوردستان، بە تەقەی هێزەکانی پاسگای هێزی ئێنتزامی ئەم شارە گیانی لە دەست دا.

شایەتحاڵێک لە هەورامانی تەختەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی گەڵاڕێزان، پاسگای هێزی ئێنتزامی ئەم شارە بە بیانووی هەڵگرتنی شتوومەکی قاچاخ، کەوتنە دوای ئۆتۆمبیلێکی جۆری تویوتا و دەسڕێژیان لێ کرد».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە: «هێزەکانی پاسگای ئێنتزامی بێ بەرچاوگرتنی ئامادەبوونی خەڵکی لە نێو شەقامەکان و بە پێچەوانەی یاسای بەکارهێنانی چەک لە لایەن هێزە دەوڵەتییەکانەوە، دەستیان دایە تەقەکردن و لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا گوللەیەک بەر سکی دووکاندارێک بە ناوی سەعدی ڕۆستەمزادە کەوت و برینداری کرد، بەڵام لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ نەخۆشخانەیەک لە سنە خوێنێکی زۆری لەبەر چوو و هەر بۆیە گیانی لەدەست دا».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ئاماژەی بە ناڕەزایەتی و پەرچەکرداری خەڵکی شارەکە دوای کوژرانی ئەم هاووڵاتییە کرد و وتی: «دوای تەقەکردنەکە جەماوەری ناڕازیی خەڵک کە دەڵێن پاسگاکە مافی تەقەکردنی نەبووە، هەڵیانکوتایە سەر پاسگا و لەگەڵ هێزەکاندا دەستەویەخە بوون».

لە لایەکی‌ترەوە فەرماندەی پۆلیسی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ میدیا حکوومییەکانی ئێراندا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە ڕایگەیاندووە کە «بە وردی لەم ڕووداوە نەخوازراوە دەکۆڵینەوە».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «سەعدی تاکە دابینکەری بژێوی بنەماڵەکەی بوو، ساڵی ڕابردوو باوکی بە نەخۆشیی شێرپەنجە گیانی لەدەست دا و هەر بۆیە ئەرکی بەڕێوەبردنی بنەماڵەی کەوتبووە ئەستۆ. ناوبراو منداڵێکی نەخۆشی بوو و چەندین ساڵ لەم نەخۆشخانەوە بۆ ئەو نەخۆشخانە هاتوچۆی پێ کرد، بەڵام دواجار ئەویش گیانی لەدەست دا. ئێستایش منداڵێکی دیکەی لە دوا بەجێ ماوە کە ئەویش لەگەڵ هەمان ئەو نەخۆشییەدا دەستەویەخەیە. سەعدەی بە یارمەتیی خزم و کەس‌وکار و وەرگرتنی قەرزی بانکی توانیبووی دووکانێکی کەلوپەلی بیناسازی بکاتەوە».

پێشتر و لە ڕێکەوەتی ٧ی گەڵاڕێزاندا، هێزەکانی یەکینەی ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخی کاڵای پۆلیس لە گوندێکی سەرسنووری ئەم شارە ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییەکیان بە ناوی خەسرەو شەریفی کە خەریکی گواستنەوەی موسافر بوو، دایە بەر دەسڕێژ و ناوبراو کە بریندار ببوو دوای ١٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.