بەسیر ئەحمەدزادە، کۆڵبەری خەڵکی گوندی «دشە»ی پاوە لە پارێزگای کرماشان، دوای تێپەڕینی ٥ ڕۆژ بەسەر برینداربوونیدا لەبەر قووڵبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان گیانی لەدەست دا. ناوبراو لەگەڵ بەشیر ئەحمەدزادەی برای ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردان لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران بریندار ببوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری پاوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم کۆڵبەرە، وتی: «ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردان بەسیر ئەحمەدزادە لەگەڵ براکەی بە ناوی بەشیر ئەحمەدزادە لە مەودایەکی چەندمەترییەوە کەوتبوونە بەر تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری نەوسوود و بریندار ببوون». 

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەسیر ئەحمەدزادە لەبەر ئەوەی گوللە بەر سەری کەوتبوو چووبووە حاڵەتی کۆماوە و لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان خەوێنرابوو، بەڵام ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی جۆزەردان لەبەر قووڵبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا. هەروەها بەرپرسانی پزیشکیی دادی کرماشان لەسەر داوای بەرپرسە ئەمنییەکان ئامادە نەبوون ڕۆژی ڕابرددو تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە و تا ئێستایش هێشتا هەر تەرمەکەیان ڕادەست نەکردۆتەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی: «بەسیر ئەحمەدزادە ٢٧ ساڵان، خەڵکی گوندی دشەی پاوە و هەڵگری دیپلۆمی ئێلێکترۆنیکی هەبوو. ناوبراو نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش هاوسەرگیریی کردبوو و لەبەر نەبوونی هەلی کار و بە ناچار ڕووی لە کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کردبوو».