بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبەر) کۆڵبەرێکی ٣٤ ساڵان بە ناوی فەرید وەتەنی ڕەسوول لە ناوچەی سنووریی «دەرەوەران»ی شاری مەریوانی پارێزگای کوردستان کەوتە بەر دەسرێژی هێزە سنوورپارێزەکان و گیانی لە دەست دا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «دەرەوەران»ی مەریوان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لەم کۆڵبەرە کردووە و دەسبەجێ کوشتوویانە.

دەوترێت سەری ئەم کۆڵبەرە بەر گوللەی هێزە سنوورپارێزەکان کەوتووە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

فەرید وەتەنی ڕەسوول، ٣٤ ساڵان، باوکی ٣ منداڵ، خەڵکی گوندی «نشکاش» و دانیشتووی مەریوان بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا (ئاگۆست و سێپتامبەر) لانیکەم ٦ کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، سەردەشت و چاڵدێران بریندار بوون.