شەوی ڕابردوو ٢٣ی گەڵاڕێزان (١٤ی نۆڤامبەر) گرووپێک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی یادگار ڕەحیمی کوژراوە و کۆڵبەرێکی تریش بریندار بووە. هەروەها لانیکەم چوار کۆڵبەر، لەوانە دوو منداڵ، دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ هەر لەم ناوچە سنوورییەدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی ڕابردوو گرووپێک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ» لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا یادگار ڕەحیمی کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکەیش بریندار بووە کە تا ئێستە ناسنامەی دەرنەکەوتووە.

یادگار ڕەحیمی، ٣٤ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «دێ کۆن»ی بانە بوو.

هەروەها دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ هەر لەم ناوچە سنوورییەدا هێزە سنوورپارێزەکان لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە گرووپێک کۆڵبەری تر کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەیشدا چوار کۆڵبەر، لەوانە دوو منداڵی کۆڵبەر بە ناوەکانی ئاروین محەممەدی ١٤ ساڵان و خەڵکی سنە، ئیمان (پاشناو نادیار) ١٧ ساڵان و خەڵکی سنە، شاهۆ (پاشناو نادیار) ٢١ ساڵان و حەسەن (پاشناو نادیار) ٢٠ ساڵان، بریندار بوون.

لە چەند حەفتەی ڕابردوو و لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا لە کۆڵبەران، دوو کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کوژراون و زیاتر لە ٤٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود بریندار بوون.