حەوت کۆڵبەر بە ناوەکانی دیاکۆ ڕەمەزانی، کیانووش پاشایی، زانیار ڕاحزاده، سمکۆ ڕەوازی، سەلاح کەریمی، ئازاد نووری و حەمیدڕەزا حافزی، لە ڕۆژی چوارشەممەوە تا ڕۆژی هەینی لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی هەینی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبەر) کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی حەمیدڕەزا حافزی لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە لای قاچەوە بریندار بووە.

شەوی ٢٥ی گەڵاڕێزانیش (١٦ی نۆڤامبەر) دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سەلاح کەریمی، ٣٠ ساڵان، خەڵکی سنە و باوکی منداڵێک و ئازاد نووری، خەڵکی بانە، هەر لەم ناوچەی سنوورییەدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.

هەروەها شەوی چوارشەممە ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) ٣ کۆڵبەری خەڵکی سەقز بە ناوەکانی دیاکۆ ڕەمەزانی، ٢٥ ساڵان، کیانووش پاشایی، ٢١ ساڵان و زانیار ڕاحزادە، ٢٢ ساڵان، لەگەڵ کۆڵبەرێکی خەڵکی مەهاباددا بە ناوی سمکۆ ڕەوازی، ٣٧ ساڵان، لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لێ کراوە و بریندار بوون.

لەچەند حەفتەی ڕابردوودا هەردوو ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە و نەوسوودی پارێزگای کرماشان، کوشندەترین ناوچە سنوورییەکان بۆ کۆڵبەران بوون و تەنها لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا ٣ کۆڵبەر و کاسبکاری سەرسنوور بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراون و زیاتر لە ٥٠ کۆڵبەریش بریندار بوون.