ئەمڕۆ شەممە ٩ی بەفرانبار (٣٠ی دیسامبەر) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا ئەحمەد سادقی گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکی تر بە ناوی هیوا بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٩ی بەفرانبار (٣٠ی دیسامبەر) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئەحمەد سادقی کوژراوە و کۆڵبەرێکی خەڵکی کامێرانیش بە ناوی هیوا (پاشناوی نەزانراوە) بە سەختی بریندار بووە.

ئەحمەد سادقی، ٣٢ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «قەباغلوو»ی سەقز بوو. تەرمی ئەم کۆڵبەرە دوای گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.