جەوهەر فەرەجی، کۆڵبەری خەڵکی سەقز کە دوو حەفتە لەمەوپێش لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بە دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە لای قاچەوە بە سەختی بریندار ببوو و بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تاران کرابوو، قاچی چەپی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم کۆڵبەرە ٢٨ ساڵەیەی خەڵکی سەقز لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباردا (١٣ی ژانڤییە) لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکان و قاچی چەپی بە سەختی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لەبەر سەختبوونی برینەکانی ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی تاران کرا و لەم ماوەیەدا چەندین نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەڵام دواجار ڕۆژی ڕابردوو پزیشکەکان ناچار بوون قاچی ببڕنەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە بەفرانباری ئەمساڵدا (دیسامبەری ٢٠٢٣، ژانڤییەی ٢٠٢٤) چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی ئەحمەد سادقی، شۆڕش خەرگووشی، میرزا ئەحمەدی و سادق میرزایی لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای کوردستان و نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.

هەروەها لانیکەم ٤١ کۆڵبەر لە ئەنجامی ئەشکەنجە و لێدان یان دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بریندار بوون. کۆڵبەرێکیش بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بووە.