ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) کۆڵبەرێک بە ناوی جەبار وەیسی لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە براوەتە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان و ئێستە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی ئەم نەخۆشخانەدایە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ی ژانڤییە) کۆڵبەرێک بە ناوی بێهنام شەریفیان دوای ئەوەی لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانەی پارێزگای کوردستان لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، کەوتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی ئەم هێزانەوە و لەبەر سەختبوونی برینەکانی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، جەبار وەیسی، خەڵکی گوندی «جۆجاڕ»ی شاری سەلاسی باوەجانیی کرماشان، ئێوارەی ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتووەتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا سەری پێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کراوە و لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی ئەم نەخۆشخانەیەدا خەوێنراوە. ئەم هاووڵاتییە بریندارە چەندین گوللەی ساچمە بەر کەللەسەری کەوتووە و لە دۆخێکی تەندروستیی خراپ و ناجێگیردایە.

بێهنام شەریفیان، کۆڵبەری ٣٠ ساڵانی خەڵکی سەقزیش ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ی ژانڤییە) لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بە قۆنداغی تفەنگ بە قورسی ئەشکەنجە دراوە. ئەم کۆڵبەرە لە لای قاچ، کەمەر و پشتەوە بە سەختی بریندار بووە و ئێستە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

وێنەی سی‌تی‌سکانی کەللەسەری جەبار وەیسی
ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی بێهنام شەریفیان