بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی ڕێبەندان (٩ی فێبرییە) دوو کۆڵبەری خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی یووسف و فەرزاد لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و دوای نیو کاتژمێر ئەشکەنجەدران، لە مەودای چەندمەترییەوە و بە چەکی ساچمەزەن کەوتنە بەر دەسڕێژی ئەو هێزانە و بریندار کران.

لە دوو حەفتەی ڕابردوودا ئەمە سێهەم حاڵەتی دەسڕێژکردنی دوای دەستبەسەرکردنە لە کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو کۆڵبەری خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی یووسف و فەرزاد لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەم هێزانە ماوەی نیو کاتژمێر ئەم دوو کۆڵبەرەیان ئەشکەنجە داوە و پاشان لە مەودای چەندمەترییەوە بە چەکی ساچمەزەن دەسڕێژیان لێ کردوون. سەرەڕای ئەوەی کۆڵبەرەکان قاچیان پێکراوە و بریندار بووون، هێزە سنوورپارێزەکان لە هەمان شوێندا بەجێیان هێشتوون.

یەک لەم کۆڵبەرانە بە ناوی یووسف کە دەیان گوللەی ساچمە بەر قاچی کەوتووە، بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە کراوە.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەنداندا (٣٠ی ژانڤییە) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران هەر لەم ناوچەیەدا بۆسەیان بۆ دەستەیەک کۆڵبەر داناوە و دوای ئەوەی کە زۆربەی کۆڵبەرەکان هەڵاتوون، یەکیان بە ناوی بێهنام شەریفیان، ٣٠ ساڵان و خەڵکی سەقز، دەستبەسەر کراوە. هێزەکان ئەم کۆڵبەرەیان ناچار کردووە هەموو بارەکانی کۆڵبەرەکانی تر کە لە ناوچەکەدا بەجێیان هێشتووە، بە کۆڵ بگوێزێتەوە بۆ بنکە سەربازییەکەی سەرسنوور و پاشان بە قۆنداغی تفەنگ ئەشکەنجەیان کردووە.

دواجار هێزە سنوورپارێزەکان داوایان لەم کۆڵبەرە کردبوو پێوەندی بە ئیمەرجێنسی (ئۆرژانس)ی بانەوە بکات و پێیان بڵێت کە بریندار بووە. دوای پێوەندیگرتنی ئەم کۆڵبەرە لەگەڵ ئۆرژانسدا، هێزە سنوورپارێزەکان لە مەودای چەندمەترییەوە بە چەکی ساچمەزەن دەسڕێژیان لە قاچی کردووە.

بە وتەی کۆڵبەران، چەند ئەندامێکی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە ناوەکانی موستەفا مورادی، مێهدی واحیدی و ئارمین فەتاحی لەو کەسانە بوون کە لە دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان و دەسڕێژکردن لەم سێ کۆڵبەرەدا دەستیان هەبووە.