به پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی پووشپه‌ڕ، سێ هاووڵاتیی خه‌ڵكی شارۆچکەی “ئیسلامییه”ی مێهران، سه‌ر به پارێزگای ئیلام، به ناوه‌كانی هادی ئومیدی، سەلیم تاراس و چراغ عه‌بدی له كاتی كۆكردنه‌وه‌ی ورده‌ئاسن له به‌رزاییه‌كانی «که‌لەقه‌ندی»ی ئه‌م شاره، به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه. هه‌ر له‌م ڕووداوه‌دا هاووڵاتییه‌كی كوردی دیكەیش به ناوی مێهدی ئومیدی به سەختی بریندار بووه و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شاری ئیلام كراوه.
عیسا بازیار، پسپۆڕی بنبڕكردنی مین، له وتوووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ڕایگه‌یاند كه ئه‌م ناوچه‌یه پێشتر وه‌كوو ناوچه‌یه‌ك ئه‌من و بنبڕكراو له مین ڕاگه‌یەنراوه و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م پرۆژه‌یه سپای ئه‌میرو‌لموئمینینی ئیلام بووه.
هه‌موو ساڵ ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتییانی ناوچه سنوورییه‌كانی ئێران به ته‌قینه‌وه‌ی مینه به‌جێماوه‌كانی شه‌ڕی ئێران و ئێراق یان ئه‌و مینانه‌ی له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه بۆ بەرنگاربوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی كۆرد داده‌نرێت، ده‌بنه قوربانی؛ هەندێکیان گیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و هەندێکیش ئه‌ندامێكی له‌شیان.