بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٧ی پووشپەڕ دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان و میاندواو بە ناوەکانی مەقسوود نەجەفی و ڕەشید ئەحمەدزادە لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵدا لە نزیک گوندی «بستام»ی سەقز بە هۆی تەقینەوەی گوللەهاوەنێکی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراقەوە گیانیان لەدەست داوە.

مەقسوود نەجەفی خەڵکی گوندی «مەرجاناوا»ی میاندواو و ڕەشید ئەحمەدزادە خەڵکی گوندی «قارنجە»ی بۆکان، ماوەیەک لەمەوبەر بەشێک لە لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیان بە کرێ گرتبوو و سەرقاڵی ئاژەڵداری بوون.

هەموو ساڵ تەقینەوەی تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق و هەروەها شەڕەکانی کوردستان دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان یان برینداربوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مەدەنیی ناوچەکە.