بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران سزای ٦٩ مانگ بەندکرانی “مۆژگان کاوسی“ی نووسەری کوردی بۆ ٧٦ مانگ و نیو بەندکران زیادکراوە.

مۆژگان کاوسی ئەمڕۆ ١٦ی ڕەشەمە لە پۆستێکدا لە ئێکەونتی ئینستاگرامەکەیدا نووسی: “دادگای پێداچوونەوە سزای ٦ مانگ بەندکران بە تۆمەتی “بانگەشەی دژ بە کۆماری ئیسلامی”ی بە ٧ مانگ و نیو سزای ٣٠ مانگ بەندکران بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەویی”ی بە ٣٦ مانگ زیادکردووە و سزای ٣٣ مانگ بەندکران بە تۆمەتی “ئەندامێتیی گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی”ی وەک خۆی پشتڕاستکردووەتوە”.

بەو پێیە و بەگوێڕەی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سزای بڕاوەی مۆژگان کاوسی لە ٣٣ مانگ بەندکرانەوە بۆ ٣٦ مانگ بەندکران زیادیکردووە.

ئەو نووسەرە کوردە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر / ١١.١٨ لە ماڵی خۆی لە شاری “نۆشەهر”ی باکوری ئێران دەستبەسەرکرا و پاشان گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ساری. ناوبراو ڕۆژی ١٩ی سەرماوەز / ١٢.١٠ بۆ بەندیخانەی نۆشەهر گواسترایەوە.

مۆژگان کاوسی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەز/ ١٢.١٢، لە بەندیخانەی نۆشەهرەوە گواسترایەوە بۆ دادگای شۆڕشی ئەو شارە و بە ٦٩ مانگ بەندکران سزادرا. پاشان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملوێن تمەنی ئازادکرا.