بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چوار چالاکوانی مەدەنیی کورد بەناوەکانی “ئارمین ئیسپێرلوس”، “ئیرەج ڕەحیم زادە”، “فەردین کەریمی” و “ئارمان وەفایی” لەلایەن لقی ١ دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی هەر کامە بە یەک مانگ و ڕۆژێک بەندکران سزادران. هەروەها “ئەفشین شەیخولئیسلامی”یش لەلایەن هەر ئەم دادگایەوە بە یەک مانگ بەندکردن سزادراوە.

بەپێی ئەو سزایە کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەدا / ٠٣.١٧ بەشێوەی زارەکی بە پارێزەرەکانی ئەو چالاکوانانە ڕاگەیەندراوە، هەموویان لە تۆمەتگەلی “پیلانگێڕی بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات”، “ئەندامێتیی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان” بێبەری کراون و بە “بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی” تۆمەتبارکراون.

دەگوترێت کە بە لەبەر چاوگرتنی دۆخی ئێستا ناو بەندیخانەکانی ئێران، ماوەی دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکوانانە وەک ماوەی سزای بەندکرانەکەیان حساب کراوە.

ئەفشین شەیخولئیسلامی لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ساڵ پاردا / ٢٠١٩.٠٢.١٧، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و پاش مانگێک بە دانانی بارمتە ئازادکرا. ئارمان وەفایی لە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ٩٧دا / ٢٠١٨.٠٢.٠٧ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەرکرا و پاش سێ مانگ بە دانانی بارمتە ئازادکرا.

ئیرەج ڕەحیم زادە، فەردین کەریمی و ئارمین ئێسپێرلوس لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی پاردا  / ٢٠١٩.٠٣ لە شارەکانی مەریوان و سنە دەستبەسەرکران، ئیرەج ڕەحیم زادە و فەردین کەریمی لە ڕۆژەکانی ١٥ و ٢٨ی ١٣٩٧دا / ٦ و ١٩ی مانگی ٣ی ٢٠١٩، و ئارمین ئێسپێرسلویش لە ڕێکەوتی ٣ی گوڵانی ساڵی ٩٨دا / ٢٠١٩.٠٤.٢٣، بە دانانی ابرمتە ئازادکران.