مامۆستا زانا خوشامەن، لە مامۆستایانی ئایینیی کوردی دانیشتووی پیرانشار، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە سزای دوو ساڵ و مانگێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەپێی ئەم حوکمە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردان (١٥ی ژوەن) پێی ڕاگەیەنراوە، ئەم مامۆستایە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٢ ساڵ و مانگێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

مامۆستا زانا خوشامەن، خەڵکی گوندی «پسوێ»ی پیرانشار کە پێشتر بەرنوێژیی مزگەوتەکانی چەندین گوندی لە شارەکانی پیرانشار، نەغەدە و شنۆ لە ئەستۆ بووە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لەگەڵ هاوژینەکەیدا بە ناوی سنوور قادری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کران.

سنوور قادری دوای دوو ڕۆژ ئازاد کرا، بەڵام ئەم مامۆستا ئایینییە دوای نزیکەی ٣ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

لەم مانگانەی ڕابردوودا و دوابەدوای پشتیوانیکردنی بەربڵاوی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینیی کورد لە سەرهەڵدان و داواکارییەکانی خەڵک، بانگهێشت، دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای بەندکران و قامچی بەسەر مامۆستایانی کوردستاندا پەرەی سەندووە. تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە (٢١ی مارس) تا ئێستا لانیکەم ٩ مامۆستای ئایینیی کورد بە ناوەکانی مامۆستا حسەین عەلیمورادی، مامۆستا سابیر خودامورادی، مامۆستا ئارمان سادقی، سەیدجەلال ئەکبەری، مامۆستا مادێح کەرەمی، مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی، مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، مامۆستا لوقمان ئەمینی و زانا خوشامەن لە شارەکانی سنە، سەقز، دێولان، سەوڵاوا و پیرانشار لەبەر پێشکەشکردنی وتاری پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان و دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە سزای بەندکران، بەندکرانی هەڵپەسێردراو، قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپاوە.