ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ڕەزبەر (٢ی ئۆکتۆبەر) دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە چووە.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی ساڵح نیکبەخت و پارێزەرەکەی، عەلی ڕەزایی، بەڕێوە چوو، دادوەر عەمووزاد پرسیارەکانی بە شێوەی نووسراو لە پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی پرسی و ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوتی دادگاییکردنی ساڵح نیکبەخت لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «دادوەی دادگا پرسیارەکانی لە پێشترەوە و بە گەڕانەوە بۆ بۆچوونەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ئامادە کردبوو و پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێ وەڵامەکان حەتمەن بە شێوەی نووسراو پێشکەش بکرێن».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «وا دیارە هەم نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات و هەم خودی سەرۆکی دادگایش لەسەر قبووڵنەکردنی بۆچوونەکەی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە لایەن بەڕێز نیکبەختەوە چڕ بووبوونەوە و هەروەک پێشتریش پێشبینی دەکرا، تۆمەتەکانی تری ناو دۆسیەکە گرنگایەتییەکی ئەوتۆیان پێ نەدرا».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «بەڕێز نیکبەخت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند کە بۆچوونەکەی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد «وەحیی مونزیل» نییە و تەنانەت وەک بڕیارێکی «قەتعی» و «بەڵگەی تەواو»یش لە قەڵەم نادرێت و بەپێی یاسا دەتوانین تانەی لێ بدەین. ئێمە ئەو مافەی خۆمان بە کار هێناوە و لەبەر ئەوەی من و بنەماڵەی ئەمینی زانیاریی پێویستمان لەسەر بنەماکانی زانستی پزیشکی نییە، هەر بۆیە پێرستی پزیشکە جێمتمانەکانی خۆمان کە هەموویان لە سیما ناسراوەکانی لقە جیازەکانی پزیشکیی ئێرانن، پێشکەشی دادگا کردووە تاکوو کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن بە بەشداریی لانیکەم ٥ کەس لەم ١٢ پزیشکە بەڕێوە بچێت و خاڵە گوماناوییەکان کە تانەمان لێ داون، لە کۆبوونەوەی ئەو شارەزایانە و ئەندامانی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داددا لێکۆڵینەوەی دووبارەیان بۆ بکرێت».

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: «بەڕێز نیکبەخت لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە کە لەبەر ئەوەی تا ئێستایش گومانی «کوشتن» لە مەرگی ژینا دەکرێت، هەر بۆیە بە هۆی پێگەکەمەوە وەکوو پارێزەری یاسایی وەکوو «مەرگی گوماناوی» باسی لێ دەکەم و تا ئێستایش بۆچوونەکەی کۆمیسیۆنم قبووڵ نییە و تا کاتێک ڕاستیی ڕووداوەکە ڕوون نەبێتەوە ناتوانم بێدەنگیی لێ بکەم و واز لە ئەرکی پیشەیی و ئەخلاقیی خۆم بهێنم».

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە خاڵەکانی تری ناو دۆسیەکەیش وتی: «گەرچی دادگا زۆر لەسەر ئەو خاڵانە نەوەستا، بەڵام بەڕێز نیکبەخت ڕایگەیاند کە هیچکام لەو خاڵانە ناکەونە ڕیزی حاڵەتەکانی تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ـەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک ڕەخنەی تەواو یاسایین لە ئاست پێشێلکردنی یاسا لە بەرانبەر هاووڵاتیان یاخود ئاوارە ئەفغانستانییەکاندا».

یەکەم کۆبوونەوەی دادگاکە ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆست) بەڕێوە چوو، بەڵام لەبەر درێژبوونەوەی ماوەی دادگاکە و بۆچوونی دادوەر لەمەڕ زەروورەتی ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات لە دادگادا و لەبەرچاوگرتنی ئیدیعاکانی ئەم دەزگا ئەمنییە، درێژەی دادگاکە دوا خرا بۆ کۆبوونەوەیەکی تر.

هێشتا دیار نییە کە ئایا دادگا کۆبوونەوەیەکی تر بەڕێوە دەبات یاخود ئەمە دواکۆبوونەوەی دادگا بووە و بڕیاری کۆتایی خۆی دەردەکات.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە یەکەم کۆبوونەوەی دادگا ڕایگەیاندبوو کە ساڵح نیکبەخت لەسەر داوا و شکاتی وەزارەتی ئیتلاعات و سزانامەی داواکاری دادسەرای گشتی و شۆڕشی موقەدەسی تاران دادگایی کراوە. لەم کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران پرسیارەکانی خۆی سەبارەت بە ناوەرۆکی دۆسیەکە لە ساڵح نیکبەخت پرسیوە و ئەم پارێزەرە یاساییەیش وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، ڕایگەیاندووە کە کردنەوەی ئەو دۆسیەیە پێچەوانەی یاسایە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی: «بەڕێز نیکبەخت لەسەر داوا و شکاتی وەزارەتی ئیتلاعات و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای وتووێژکردنەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا و تانەدان لە بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد سەبارەت بە مەرگی ژینا ئەمینی دادگایی دەکرێت».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، داواکاری دۆسیەکە وەزارەتی ئیتلاعاتە و ٩ وتووێژی ئەم پارێزەرە یاساییە لە چوار ساڵی ڕابردوودا، ١٣٩٨ تا ١٤٠٢ (٢٠١٩ تا ٢٠٢٣) وەکوو بەڵگەی تاوان لە دۆسیەکەدا تۆمار کراون.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو وتووێژانە وتبووی: «دوو دانە لە وتووێژەکان لەسەر بەیاننامەی پارێزەران، چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و پێشێلکردنی سەروەریی ئەو وڵاتە بووە، هەروەها وتووێژ لەسەر نەبوونی بەربەستی یاسایی لە بەردەم پێدانی مۆڵەتی شۆفیریی مۆتۆردا بۆ ژنان، شیکردنەوەی ڕەوتی ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ئێران (کەمال حەسەن ڕەمەزان) کە بە پارێزەریی بەڕێز نیکبەخت لە ئێعدام ڕزگاری بوو، وتووێژ لەسەر ڕووبەرووبوونەوەی نایاسایی هەندێ لە ئەندامانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لەگەڵ پەناخوازە ئەفغانستانییەکاندا، ڕەخنەگرتن لە ڕەچاونەکردنی یاسای بەکارهێنانی چەک و کوشتنی کۆڵبەرە کوردەکان، ڕەخنەگرتن لە بڵاوکردنەوەی دانپیانانی زۆرەملێی دەستبەسەرکراوان لە تەلەڤیزیۆنی ئێرانەوە و دواجاریش وتووێژکردن لەسەر دۆسیەی ژینا ئەمینی و تانەدان لە بۆچوونی پزیشکیی داد و پشتگوێخستنی داواکاریی پارێزەران و بنەماڵە لە پرسی کوشتنی ژینادا، لەو بابەتانەن کە لە سزانامەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە».

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وێرای ئاماژەدان بە گوشارەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەسەر بەڕێز نیکبەخت بە مەبەستی ناچارکردنی ئەم پارێزەرە یاساییە بۆ قبووڵکردنی بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، وتبووی: «وەزارەتی ئیتلاعات ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە بە ڕای ئەوان بەڕێز ساڵح نیکبەخت دەوری سەرەکیی هەبووە لە هاندانی بنەماڵەی ئەمینیدا بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی مەرگی منداڵەکەیان و بنەماڵەی ژینا، بەتایبەت باوکی، لەژێر کاریگەریی قسەکانی ئەودان. هەر بۆیە ساڵح نیکبەخت یان دەبێ بۆچوونەکەی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد قبووڵ بکات و ڕایبگەیەنێت یاخود دەبێ لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە سزا بدرێت. وا دیارە گەڕانەوە بۆ وتووێژەکانی پێشووتریشی تەنها بیانوویەکە بۆ قورسکردنەوەی دۆسیەکە، ئەگینا بابەتی سەرەکی هەر بەدواداجوونی دۆسیەی کوشتنی ژینا ئەمینییە لە لایەن ئەم پارێزەرە یاساییەوە».

لە بەرانبەردا پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینییش پێداگرە لەسەر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی کۆمیسیۆن بە بەشداریی ئەو پزیشکانەی کە بنەماڵەی ئەمینی دەستنیشانیان کردوون و ڕایگەیاندووە تەنها بەو مەرجە بۆچوونی کۆمیسیۆن قبووڵ دەکات کە کۆبوونەوەکەی کۆمیسیۆن بە بەشداریی ئەو پزیشکانە بەڕێوە بچێت کە هەموویان لە سیما ناسراوەکانی لقە جیاوازەکانی زانستی پزیشکین لە ئێراندا.

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری یاسایی ٧٢ ساڵان کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە گەلێ دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ بووە. هەروەها لە هەندێ دۆسیەی بەناوبانگی گەندەڵیی ئابووریی ئێرانیشدا پارێزەریی کردووە، لەوانە دۆسیەی ناسراو بە ١٢٣ میلیاردیی بانکی سادرات کە وەک پارێزەری بانک هۆکار و بکەرە سەرەکییەکانی گەندەڵیی لە قاو دا و ڕایگەیاند لەم دۆسیەیەدا کەسانێک زەمینەی تاوانیان فەراهەم کردووە کە نە سەرپەرشتن و نە یاریدەدەر و نە هاوبەش، بەڵام بەبێ دەستێوەردانی ئەوان ئەنجامدانی تاوانەکە نامومکین بوو.

ئەم پارێزەرە یاساییە کە پێشینەی ڕۆژنامەوانیشی هەیە، پێش و پاش شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران (١٩٧٩) بەردەوام لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە کەوتووەتە بەر لێکۆڵینەوە، بانگهێشتکردن، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران و دەستبەسەرکردنەوە و نزیکەی ٨ ساڵ لە تەمەنی خۆی بە تۆمەتی سیاسی لە زینداندا بردووەتە سەر. هەروەها لە کارنامەی ئەم یاساناسەدا ڕزگارکردنی گیانی نزیکەی ٣٠ زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە ساڵانی پارێزەربوونیدا دەبینرێت.

پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی لە حاڵێکدا بۆ دووهەم جار دەبرێتە بەردەم دادگا کە سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێک بەسەر کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانە جەماوەری و سەرانسەرییەکانی پاش ئەم ڕووداوەدا کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ٥٠٠ کەس و برینداربوونی هەزاران کەسی تر، تا ئێستا لێکۆڵینەوە بۆ داوای یاسایی و شکاتی بنەماڵەی ئەمینی لە بکوژانی منداڵەکەیان نەکراوە.

ساڵح نیکبەخت هاوکات لەگەڵ تانەداندا لە بۆچوونەکەی پزیشکیی داد کە «جەڵدەی دڵ» لەبەر «نەخۆشیی پێشووتر»ی بە هۆکاری مردنی ژینا ئەمینی ڕاگەیاندبوو، داوای «لێکۆڵینەوەی دووبارە و پێکهێنانی لیژنەیەکی دیکە بە بەشداریی پزیشکانی ناسراو و جێمتمانەی کۆمەڵگەی پزیشکیی ئێران»ی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە کردبوو. بەڵام بەرپرسانی دەزگای دادوەری تانەدانی یاسایی ئەم پارێزەرەیان وەک «بانگەشەی دژ بە حکومەت» ڕاگەیاند و دۆسیەی یاساییان بۆ کردەوە.

ساڵح نیکبەخت ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١١ی مارسی ٢٠٢٣) لە بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی موقەدەسی تاراندا ئامادە بوو و تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی پێ ڕاگەیەنرا. ئەم پارێزەر و یاساناسە بە دانانی کەفالەت تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ژینا ئەمینی، ژنەکوردی خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە شەقامێکی تاراندا لە لایەن دەوریەی ئێرشادەوە (پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) لەبەر «ناتەواوبوونی حیجاب» و بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا پاش گواستنەوەی بۆ بینای پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی تاران لە شەقامی وزەرا، بە هۆی قورسبوونی ئەو زەبرانەوە کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بەر سەری کەوتبوو، لەسەر خۆ چوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەسرا کرا. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراوەتەوە، ژینا کاتێک ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو کە تووشی مەرگی مێشک ببوو و سێ ڕۆژ دواتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرماناندا (١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە و لە سیناریۆیەکی دووبارەدا ڕایگەیاند کە ژینا بە جەڵدەی دڵ و لەبەر نەخۆشیی پێشووتر گیانی لەدەست داوە، بەڵام بنەماڵەکەی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم بانگەشەیە پێداگر بوون لەسەر ئەوە کە منداڵەکەیان پێش دەستبەسەربوون بەتەواوی تەندروست بووە. هەروەها چەند شایەتحاڵێکی مەیدانییش کە خۆیان لە ڕیزی دەستبەسەرکراوانی دەوریەی ئێرشاد لە کات و شوێنی دەستبەسەرکردنی ژینادا بوون و لە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە ژینای پێ گوازرابوویەوە، دواتر پشتڕاستیان کردەوە کە هێزەکانی پۆلیس ژینایان بە قورسی ئەشکەنجە داوە و هۆکاری شکانی کاسەسەریشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدان و ئەشکەنجانە. بە وتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، تا ئێستا هیچ ڕێکارێکی یاسایی لەسەر دۆسیەکە نەگیراوەتە بەر و هەموو لێکۆڵینەوەکان بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵە و پارێزەر بەڕێوە چووە.

لەم حەفتانەی ڕابردوو و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، دامودەزگا ئەمنییەکان بە مەبەستی پێشگرتن بە هەرچەشنە جووڵە و خۆپیشاندانێکی نوێ، ڕۆژی ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر) سەفا عائیلیی خاڵۆی ژینا ئەمینیان دەستبەسەر کرد و ئەم ئەندامەی بنەماڵەی دادخوازی ئەمینی هێشتا هەر دەستبەسەرە. هەروەها لە حەفتەکانی پێش ساڵڕۆژی ژینا ئەمینیدا، ئەمجەد ئەمینیی باوکی ژینا چوار جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی منداڵەکەی هەڕەشەی لێ کرا. هێزە ئەمنییەکان هەروەها ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئەمجەد ئەمینییان دەستبەسەر کردبوو و نەیانهێشتبوو بنەماڵەکەی لە ماڵ بڕۆنە دەرەوە و ڕێوڕەسمی ساڵیاد بەڕێوە بەرن.

گۆڕستانی ئایچیی سەقز، شوێنی ئەسپەردەکردنی ژینا و خاڵی دەسپێکی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، تا ئێستایش لە گەمارۆی زرێپۆشەکانی سوپای پاسداراندایە. هەروەها کەسانی سەر بە حکومەتیش پێشتر بەشێک لە بەردەقەبری مەزاری ژینایان تێک دابوو. گۆڕستانی ئایچی ئێستا پڕ کراوە لە کامێرای چاودێری و شارەوانیی سەقزیش دەیهەوێت سیمای گۆڕستانەکە بگۆڕێت و مەزارەکەی ژینا لە پێش چاوی خەڵک دوور بخاتەوە.