سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە گشتی سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم حوکمە ڕۆژی ڕابردوو بەم چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەنراوە. بەپێی حوکمەکە، ئەم ئەندامەی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە ڕیز سزای ١٠ ساڵ و ١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

هاوکات سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان و ٤٠ قامچیی ئەم چالاکە مەدەنییە کە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی سنەوە دەرکرابوو، لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدراوە بۆ سزای ٤٠ قامچی و یەک ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی سنەدا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزان (٣ی نۆڤامبەر) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بەڕێوە چووبوو.

سەیوان ئیبراهیمی لە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١دا (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە حاڵێکدا کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی، سەردانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەی کردبوو، دەستبەسەر کرا و دوای ٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادیان کرد. هەروەها جارێکی تریش لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباردا (١٨ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

هەر لەم پێوەندییە و لە ڕەزبەری ئەمساڵدا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) ئیدریس مینبەری، ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین و سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» هەرکامە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو.