فواد (سیرووس) فەتحی، چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران کە ڕۆژی ١٣ی گەڵارێزان (٤ی نۆڤامبەر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران، بە گشتی سزای ٤ ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەری بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزدا (٢ی دیسامبەر) لە لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەفشار بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی حوکمەکە، ئەم چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵە، ڕێکخراوەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە گشتی سزای ٤ ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەری قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، قەدەغەبوونی ئەندامێتی لە گرووپ و ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و قەدەغەی نیشتەجێبوون لە تاران و دەوروبەریدا بۆ ماوەی ٢ ساڵی بەسەردا سەپاوە.

ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ١٣ی گەڵاڕێزان (٤ی نۆڤامبەر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.

فواد فەتحی لە ساڵانی ڕابردوودا و بە هۆی چالاکیی کرێکارییەوە چەندین جاری دیکە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە.