چوار زیندانیی سیاسیی کورد به ناوەکانی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار دوابەدوای پەسەندکرانی حوکمی لەسێدارەدانیان لە دیوانی باڵای ئێراندا، لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی زۆر خێرادان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چوار ئەندامەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان کە ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندێکی ورمێ دەستبەسەر کران، نزیکەی ٢ مانگ لەمەوپێش لە ڕەوتێکی دادوەریی نادادپەروەرانەدا لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی «موحارەبە» و «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.

دوای تانەدانی پارێزەری دانراوی دۆسیەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە. ئەم حوکمە دوای پەسەندکران لە دیوانی باڵادا نێردراوەتە بەردەم بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای تاران و هەردەم مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە کوردە لە ئارادایە.

محەممەد فەرامەرزی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی دێولان، موحسین مەزڵووم، ٢٧ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، وەفا ئازەربار، ٢٦ ساڵان و خەڵکی بۆکان و پژمان فاتیحی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی کامێران، لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١دا (٢٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە گوندێکی ورمێ دەستبەسەر کران. ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دیداری بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەش کراون و تەنانەت دیار نییە لە کام زیندانیشدا ڕاگیراون.

دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دوای دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە وەک هەمیشە بە دووپاتکردنەوەی سیناریۆ هەڵبەستراوەکانی خۆیان و تۆمەتبارکردنیان بە هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگای مووسادی ئیسراییلدا، دوو جار دانپیانانی زۆرەملێی ئەم کەسانەیان لە تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کردەوە.

لەم ڤیدیۆیەدا دەوترێت کە ئەم ٤ ئەندامەی کۆمەڵە گرێدراوی «دامودەزگا سیخوڕییەکان» بوون و لە شاری ئیسفەهان دەستبەسەر کراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەندامێکی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان پێشتر لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی: «بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، ئەم کەسانە تەنها بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی ڕێکخستن و کاری سیاسی نێردرابوون بۆ ورمێ و هیچ چەکوچۆڵێکیان پێ نەبووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەکانی ئەم کەسانە لە ساڵانی ڕابردوودا و بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر بارودۆخی منداڵەکانیان، چەندین جار سەردانی دادگاکان و دامودەزگا ئەمنییەکانی شارەکانی ورمێ، بۆکان و تارانیان کردووە، بەڵام دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکان تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەداونەتەوە.