فاتمە شێخی، هاووڵاتیی کوردی ٢٢ ساڵانی خەڵکی ئاودانانی ئیلام، بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا. دادگا ئەم سزایەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەساردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندان (٧ی فێبرییە) لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئاودانان بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەد غوڵامی بەڕێوە چووە و ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان (١٢ی فێبرییە) بە شێوەی فەرمی حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی ئەو حوکمە، فاتمە شێخی بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە، بەڵام دادگاکە لەبەر ئەوەی پێشینەی کەیفەریی نەبووە، سزاکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەساردووە.

فاتمە شێخی ڕۆژی ١ی خەرمانانی ١٤٠٢ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) بانگهێشتی بەردەم لقی دووی دادیاریی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی ئاودانان کرا و دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتەکە، بە وەرگرتنی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. دەوترێت هۆکاری ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان» بەم هاووڵاتییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بابەتانەی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا سەبارەت بە پرسە سیاسییەکانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە.