«فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانی ئیمام» بە پشتبەستن بە بڕیاری لقی ٥٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاران کە تایبەتە بە مادەی ٤٩ی یاسای بنچینەیی، دەستی گرتووە بەسەر ماڵەکەی وەلی قەڵوەزیدا کە هاوسەری ژنەچالاکی کورد شەیدا ڕەحیمییە. ئەم فەرمانگەیە دەیهەوێ ڕۆژی ١٠ی ڕەشەمە (٢٩ی فێبرییە) ئەم موڵکە بخاتە بەردەم مەزاد و فرۆشتنەوە.

مادەی ٤٩ی یاسای بنچینەیی ئێران دەڵێت: «لەسەر شانی دەوڵەتە دەست بگرێت بەسەر هەرجۆرە ماڵ و موڵکێکدا کە لە ئەنجامی ڕیبا، داگیرکاری، بەرتیل، گەندەڵی، دزی، قومار، خراپ بەکارهێنانی مەوقووفەکان، خراپ بەکارهێنانی تەندەر و مامەڵەی دەوڵەتی، فرۆشتنی زەویوزاری مردوان و موباحاتی سەرەکی، کردنەوەی شوێنی خراپەکاری و هەرچەشنە حاڵەتێکی ناڕەوادا بە دەست هێنرابێت، پاشان دەبێ ڕادەستی خاوەن موڵکەکەی بکاتەوە یان ئەگەر خاوەنەکەی نادیار بێت بیبەخشێتە خەزێنەی گشتی یان هەمان بەیتولماڵ. ئەم بڕیارە دەبێ دوای لێکۆڵینەوە و سەلماندنی بەپێی شەرع و لە لایەن دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێت».

بەپێی ئەو بەڵگەنامە یاساییانەی ڕادەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کراون، بڕیاری دەستگرتن بەسەر ماڵوموڵکی وەلی قەڵوەزیدا، لە ڕێکەوتی ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا (٢٩ی جولایی ٢٠٢٣) بە پشتبەستن بە حوکمی «دەرچوون لە پارێزراوی (ئێستیمان)»ی شەیدا ڕەحیمیی هاوسەری و بەپێی مادەی ١١ی ڕێسانامەی چۆنەیتیی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانەی دەکەونە چوارچێوەی مادەی ٤٩ی دەستوورەوە، دەر کراوە. بەپێی ئەم مادەیە «ماڵوموڵکی کەسێک کە وڵات بەجێ دەهێڵێت و دەسەلمێت کە پێوەندیی لەگەڵ گرووپە موحارەبەکاندا هەیە، لە پارێزراوبوون دەردەچێت و بە بڕیاری دادگا دەستی بەسەردا دەگیرێت».

ئەمە لە کاتێکدایە کە ماڵەکە چەندین ساڵ لەمەوپێش و لە دووتوێی گرێبەستێکی فەرمیدا لە موڵکی شەیدا ڕەحیمی دەرچووە و کراوە بە ناوی وەلی قەڵوەزیی هاوسەریەوە. بەڵام لە بڕیارەکەی دادگای پیاچوونەوەدا و بە گەڕانەوە بۆ مادەی ١٤ی یاسای چۆنیەتیی جێبەجێکردنی مادەی ٤٩ی دەستوور، گرێبەستەکە هەڵوەشێنراوەتەوە. بەپێی ئەم مادەیە «هەرچەشنە فرۆشتن و گواستنەوەیەکی ماڵوموڵکێک کە دەچێتە چوارچێوەی مادەی ٤٩ی دەستوورەوە و بە مەبەستی دەربازبوون لە ڕێساکانی ئەم یاسایە ئەنجام دراوە، دوای سەلماندن هەڵدەوەشێتەوە و کاریگەریی نامێنێت».

شەیدا ڕەحیمی، ژنەچالاکی کورد و ئەندامی گرووپی دایکانی ئاشتیی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گوڵانی ١٣٩٥دا (١٥ی مەیی ٢٠١٦) لەبەر بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی «قەسریان»ی سنەدا، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٨ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە بە هۆی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە هاوینی هەمان ساڵ بە ناچار وڵاتی بەجێ هێشت.

شیوا قەڵوەزی، کچی شەیدا ڕەحیمی و وەلی قەڵوەزی، سەبارەت بە دەستگرتن بەسەر ماڵوموڵکی بنەماڵەکەیاندا لە لایەن «فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانی ئیمام»ـەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ماڵەکەی ئێمە بارمتەی ئازادکردنی کاتیی دایکم بوو. دوای ئەوەی دایکم پەڕیوەی هەندەران بوو، دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاند. دوای پەسەندکرانی حوکمەکە لە ساڵی ١٣٩٨دا (٢٠١٩) باوکم کە خاوەنی موڵکەکە بوو، بانگهێشتنامەیەکی بە دەست گەیشت کە ئەگەر دایکم ڕادەستی زیندان نەکات، دەست بەسەر بارمتەکەدا دەگیرێت. باوکم بە مەبەستی پێشگرتن بەم کارە، لە ساڵی ١٣٩٩دا (٢٠٢٠) کۆی بەهای بارمتەکەی، واتە ٣٠٠ میلیۆن تمەن، خستە حسێبی بانکیی فەرمانگەی دادی پارێزگای کوردستانەوە و تاپۆکەی لە بارمتە دەرهێنا».

شیوا قەڵوەزی لە درێژەدا وتی: «ماوەیەک دوای بژاردنی بڕی بارمتەکە و ئازادبوونی تاپۆی ماڵەکە، لە فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانی ئیمامەوە لە سنەدا پێوەندییان بە باوکمەوە کرد و ڕایانگەیاند کە لەبەر ئەوەی دایکم لە دەرەوە درێژەی بە چالاکی داوە، ئەم فەرمانگەیە مافی خاوەندارێتی لە موڵکەکەی هەیە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە چەندین ساڵ پێش دەستبەسەرکردن، مەحکوومبوون و چوونەدەرەوەی دایکم، ماڵەکە لە پرۆسەیەکی یاسایی و تۆمارکراو و فەرمیدا لە موڵکی ئەو دەرچووبوو و ببووە موڵکی باوکم».

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادوەریی دۆسیەکە لە لقی تایبەت بە مادەی ٤٩ی دەستوور لە پارێزگای کوردستاندا، بەپێی بەڵگەنامە یاساییەکان، پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەکان لە لایەن لێکۆڵەری پسپۆڕی فەرمانگەی دادەوە و بە پشتبەستن بە یاسای مەدەنی و دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، داواکارییەکەی ئەمیر شاکیری کوڕی نەجاتعەلی، شکاتکار و نوێنەری فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانی ئیمام، بەرانبەر بە ماڵەکەی وەلی قەڵوەزی، بە بێبنەما، ناشەرعی و نایاسایی لە قەڵەم دراوە و ئەو دادگایە بڕیاری داوە بە ڕەتکردنەوەی داواکەی فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانی ئیمام و یاساییبوونی خاوەندارێتیی وەلی قەڵوەزی بەسەر ماڵەکەوە.

بەڵام بە وتەی شیوا قەڵوەزی، ماوەیەکی کورت دوای دەرکردنی ئەو بڕیارە، لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٤٠١دا (٣٠ی مەیی ٢٠٢٢) کەسێک بە ناوی مێهدی سەفەری وەک نوێنەری یاسایی فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانی ئیمام تانە لە حوکمی دادگای یەکەم دەدات و دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە دەنێردرێتە بەردەم لقی ٥٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاران بە سەرۆکایەتیی حەسەن بابایی کە تایبەتە بە مادەی ٤٩ی دەستوور.

شیوا دەڵێت: «دادوەری ئەم دادگایە لە ڕەوتێکی سەروویاساییدا و بە بڕیارێکی دوژمنکارانە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەڵگە یاساییە پێشکەشکراوەکان لە دادگای یەکەمدا و تەنها لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان، چالاکییەکانی دایکمی لە گرووپی دایکانی ئاشتیی کوردستاندا و دیدار و هاوسۆزیی لەگەڵ بنەماڵەی دادخوازاندا، وەک بەڵگە بۆ ئەندامبوونی لە «گرووپە دژبەرەکانی حکومەت»دا لە قەڵەم داوە و دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاسایی گواستنەوەی موڵکەکە بۆ باوکم، بڕیاری داوە بە دەستگرتن بەسەر ماڵەکەدا».

بە وتەی شیوا قەڵوەزی، «سەرەڕای ئەوەی باوکم وەک خاوەنی یاسایی ماڵەکە سەرلەنوێ تانەی لەو حوکمە داوە، بەڵام لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵدا (٢٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) واتە کاتێک کە دوای شەش ساڵ دووربوون لە یەکتر بۆ دیداری من و خوشکم و دایکم سەفەری دەرەوەی کردبوو، ئاگادار کراینەوە کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی باوکم و پارێزەرەکەی، ئیدارەی تاپۆی سنە بە سەرۆکایەتیی هیوا ئەحمەدیان و بەڕێوەبەرایەتی جەمشید جیهانگیری، تاپۆی ماڵەکەی کردووە بە ناوی فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانی ئیمامەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێوڕەسمی هەڕاجکردن و فرۆشتنی ماڵەکەمان لە سنە بەڕێوە دەچێت».

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەگەرچی دەستگرتن بەسەر ماڵوموڵکی دژبەرانی سیاسیدا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، بەڵام پشتبەستن بە حوکمی «دەرچوون لە پارێزراوی» بۆ دەستگرتن بەسەر ماڵوموڵکی ژمارەیەک لە دژبەرانی سیاسیی دەرەوەی وڵاتدا، بە شێوەیەکی کەموێنە لەم ساڵانەی دواییدا پشتی پێ بەستراوە و دووبارە کراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە یاساناسان حوکمی «دەرچوون لە پارێزراوی» بە حوکمێکی شەرعی دەزانن کە تا ڕادەیەکی زۆر لە بیر کراوە و هیی سەرەتاکانی هاتنی ئیسلامە و دەگەڕێتەوە بۆ پرسی دانیشتنی «کافران» لەسەر خاکی «موسڵمانان»، یاساناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە زەوتکردنی مافی هاووڵاتیبوون و موڵکدارێتی لەژێر ناوی ئەم حوکمەدا پێچەوانەی یاسا و ڕێسا جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ و تەنانەت دژ بە یاسا ناوخۆییەکانی خودی ئێرانیشە.