ساسان چەمەنئارا، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ئیلام، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت و لە بەرژەوەندیی گرووپ و ڕاگەیاندنە دژبەرەکاندا» سزای ٣ مانگ بەندکران و ٢٠ میلیۆن تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا (١٩ی فێبرییەی ٢٠٢٤) لە لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام بەڕێوە چوو و دۆسیەکەی دوای دەرکردنی سزانامە بۆ لێکۆڵینەوەی کۆتایی نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارە.

ئەگەرچی کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هونەرمەندە کوردە بەڕێوە نەچووە، بەڵام ئەمڕۆ شەممە ١٩ی ڕەشەمە (٩ی مارس) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام، بە فەرمی حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

ساسان چەمەنئارا، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی کورد، ڕۆژی ٢٧ی بەفرانباری ئەمساڵ (١٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هونەرمەندە ڕۆژی ٤ی ڕێبەندان (٢٤ی ژانڤییە) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە دانانی کەفالەت و بە شێوەی کاتی لەو دەستبەسەرگەیەوە ئازاد کرا.

ساسان چەمەنئارا پێشتر لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا بە شێوەیەکی توندوتیژیئامێز لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا. ئەم هونەرمەندە کوردە ماوەی ٢١ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی وەزارەتی ئیتلاعات لەژێر لێپرسینەوەدا بوو و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) کرا.

ساسان چەمەنئارا لە بەرفرانباری ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەیدعەلی مەزڵووم بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەنداندا (٢٤ی ژانڤییە) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا.

ئەگەرچی سزای بەندکرانی ئەم هونەرمەندە کوردە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاراندا پەسەند کرا، بەڵام لقی یەکەمی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان ئەو حوکمەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵپەسارد. چەند مانگێک دواتر ئەم هونەرمەندە کورد لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینیدا ڤیدیۆکلیپێکی بڵاو کردەوە و هەر بۆیە جارێکی تر بانگهێشتی بەردەم دادسەرای ئێڤین کرایەوە و دوای ئەوەی لەسەر ئەم ڤیدیۆکلیپە و چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خرایە بەر لێپرسینەوە، تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی ڕووبەڕوو کرایەوە.