سەر لە بەیانی دوێنێ بە فه‌رمانی بەرپرسانی زیندانی ناوەندی ورمێ، ٣٠ کەس لە هێزه‌كانی پاسه‌وانی زیندان هێرشیان کردۆتە سەر به‌شی زیندانیانی سیاسی و ئایینی و هاوکات کەلوپەلی کەسیی زیندانییەکانییان تێکداوە و شکاندوونیان، هەروەها دەستیانیش بەسەر کاردەستی (صنایع دستی) و ئامێرەکانی سازکردنی زیندانییان، کە تەنیا سەرچاوەی ئابووری ئەو زیندانیانەیە، داگرتوون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار بۆتەوە کە کاتژمێر ٧ی سەر لە بەیانی ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ، بە فه‌رمانی سەرۆکی زیندان، ٣٠ کەس لە هێزه‌كانی پاسه‌وانی زیندان هێرشیان کردۆتە سەر بەندی زیندانییانی سیاسی و ئایینی.

سەرەتا، ئەو هێزە ئەمنیانە هەموو زیندانییەکانییان بەوردی پشکنیون و دواتر بۆ بەندی ماڵی بردوویانن.

دوای ئەوەی هێزەکانی زیندان هیچ چەشنە کەلوپەلێکی نایاساییان وەدەست نەکەوتووە، بۆیە دەستیان کردوە بە تێکشکاندن و پرشوبڵاوکردنی کەلوپەلی تایبەتی زیندانییان کە بریتین لە، کەلوپەلی خواردن، ست ئاپ باکسی تەلفزیۆن(TV)، هێدفۆن و…. هتد کە هەمووی بە پارەی زیندانیان کڕێندراون. ئەو هێزانە هەروەها دەستیان بەسەر کاردەستی زیندانییان وەکوو سەرپایی، جێ سوویچی و زرێ و ملوانکەو…. داگرتوون. ئەو کەرەسە بەرهەمهێنراوانە تەنیا رێگای بژیوی ئەو زیندانییانەیە و تەنانەت وەک بژیوی ژیان بنەماڵەشیان سوودی لێ وەردەگرن. شایانی باسە هەر چەند مانگێ جارێ هێزەکانی زیندان بە بیانووی جۆراوجۆر دەست دەکەن بە پشکنینی بەندی زیندانیانی سیاسی و ئایینی و بە شێوەیەکی زۆر نایاسایی کەلوپەلی تاببەتی وان لەناو دەبەن یا دەست بەسەری کەلوپەلی کەسیی ئەو زیندانییانە دادەگرن.