بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،  رۆژی ١٢ی رەزبەر/ 10.04، پێنج هەزار بەندکراو لە هەمووی ١٩ بەندەکەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا بەهۆی ئەوەی قالۆنچە لە خواردنی ژمارەیەک لە بەندکراواندا بیندرا، خواردنیان وەرنەگرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: “پاش ئەوەی نیوەڕۆی رۆژی هەینی بە پێی پلانی خواردن ئاوگۆشت دابەشکرا، هەندێک لە بەندکراوان قالۆنچەیان لە ناو خواردنەکەدا بینی. بەندکراوانی سەرجەم بەندەکانی بەندیخانەکە وەک ناڕەزاییەک خۆیان بوارد لە وەرگرتنی خواردنەکە. هەندێکیش کە وەریانگرتبوو، خواردنەکانیان گەڕاندەوە.”

بە پێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، قالۆنچە و حەشەرەی مەترسیدار کە دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان لە سەرتاسەری بەندیخانەی ورمێدا هەیە. سەرەڕای ئەوەیکە بەندکراوان چەندین جار سەبارەت بەم کێشەیە ناڕەزایی خۆیان گەیاندۆتە بەرپرسیانی بەندیخانەکە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەم مەسەلەیە نەنراوە.

پشت گوێ خستنی دۆخی تەندروستی بەندکراوانی بەندیخانەی ورمێ لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی ئەم بەندیخانەیە بکات.