رۆژی ٢٣ی رەزبەر/ 10.15 سەرەڕای ئەوەیکە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ حوسێن کەمانگەر چالاکوانی کورد دابین کرابوو تا بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێ، بەڵام لە دواساتەکاندا ئیتلاعاتی سنە دەست لە کاروباری دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران وەردەدات. لە ئەنجامی ئەو دەستێوەردانەدا رێگەنەدرا ئەو چالاکوانە کوردە ئازاد بکرێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “لە کاتێکدا لێکۆلەری دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران نامەی ئازادیی حوسێن کەمانگەری بە شێوەی کاتی ئامادە کردبوو، لەلایەن فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنەوە پەیوەندی پێوە کرا کە گۆیا تۆمەتی ئەو چالاکوانە کوردە موحارەبەیە (دژایەتی لەگەڵ خودا) و بەو هۆیەوە رێگە نەدرا نامەی ئازادییەکەی واژۆبکرێت”.

ئەوە لە کاتێکدا روویداوە کە سەرجەم کارە یاساییەکان لە دادسەرای کامێران کۆتاییان هاتبوو و بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنیش بۆ ئازادییەکەی دابین کرابوو.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حوسێن کەمانگەر کەوتۆتە ژێر فشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە تا دانپێدانی تەلەفیزیۆنی لێوەربگیرێت و بچێتە ژێر باری “سیناریۆیەکی ئامادەكراوی ناوەندە ئەمنییەکانەوە”، بەڵام ئەو سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردۆتەوە و نەچۆتە ژێر باری ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی.

ئەو چالاکوانە کوردە لە رێکەوتی ٢٧ی پوشپەڕی ئەمساڵ/ 2019.07.18 لە کاردانەوەدا بەرامبەر بە فشارەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ وەرگرتنی وتەی زۆرەمڵێ و دانپیدانانی تەلەفیزیۆنی، دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن.

حوسێن کەمانگەر رۆژی ١٥ی بەفرانباری ساڵی رابردوو/ 2019.01.05 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری کامێرانەوە دەستبەسەرکرا و پاش شەش مانگ لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە لە رێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ئەمساڵدا/ 2019.08.10 بۆ بەندیخانەی کامیاران گوازرایەوە.