سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی “چەنگیز قەدەم خێر“، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە نۆیەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردن لە بەندیخانەی مەسجد سولەیمان تێپەڕدەکات. لە ئێستادا بەسەختی هێزی قسەکردنی هەیە و دۆخی تەندروستییەکەی زۆر ناجێگیرە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی بەندیخانەی مەسجد سولەیمان هیچ وەڵامێکیان بۆ داواکارییەکانی نەداوەتەوە”.

چەنگیز قەدەم خێر هەشتمەنی ساڵی سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی مەسجد سولەیماندا تێپەڕدەکات و لە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز / ١٢.١١ ەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە وەرنەگرتنی چارەسەریی پزیشکی دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ / ٢٠١١.٠٦ دا لە کاتێکدا دەستبەسەرکرا کە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لێکردبوو و گولـلەیەک بەر گورچیلەی کەوتبوو. ئەو گولـلەیە ئێستاش لە گورچیلەیدا ماوەتەوە و وایکرد کە یەک لە گورچیلەکانی بەتەواوی لەکار بکەوێت.

لەکاتێکدا کە گورچیلەکەی دیکەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ماوەیەکی زۆرە چڵکی کردووە و تووشی خوێنەبربوون بووە، بەرپرسانی بەندیخانەی مەسجد سولەیمان ڕێگەی دەرمانی پێنادەن و هاوکات مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەشی نادەنێ.

دانیشتنی دادگاکەی چەنگیز قەدەم خێر لە مانگی خەرمانانی ١٣٩١ / ٢٠١٢.٠٩ لە لقی یەکی دادگای شۆڕسی سنە بە سەرکایەتی دادوەر “حەسەن بابایی” بەڕێوەچووبوو.

دادگای شۆڕشی سنە لە ئەنجامدا، چەنگیز قەدەم‌خێڕی بە تۆمەتی “دژایەتیکردنی خودا (محاربە) لەڕێگەی ئەندامبوونی کۆمەڵە” بە ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی منەسجد سەلەیمان سزادا. سەرەڕای ئەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە تانەی لەو سزایە دا، بەڵام هەرگیز وەڵامی تانەکەی نەدرایەوە. چەنگیز قەدەم‌خێڕ لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٢دا / ٢٠١٣.٠٤ لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی مەسجد سولەیمان گوازرایەوە.