بنەماڵەی ژمارەیەک لە بەندکراوە سیاسییەکان لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە لێدواندا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نیگەرانیی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکاندا و ئاشکرایان کرد کە ناوەندە دادوەرییەکانی ئێران نەک تەنیا مۆڵەتی چوونە دەرەوە لە بەندیخانەیان نەداوەتە هیچ بەندکراوێکی سیاسی، بەڵکو دەرگای بەندیخانەکانیان بەرەو بەندکراوە تازەکان کردووەتەوە و بەبێ ئەوەی بۆ ڤایرۆسی کرۆنا تاقییان بکەنەوە دەیاننێرنە بەندە گشتییەکانی بەندیخانەکان.

بەگوێرەی قسەکانی ئەو سەرچاوانە، لەبەردەستدا نەبوونی کەرەستە و دەرفەتی تەندروستی بەمەبەستی ناسینەوەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکاندا بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە.

هەروەها لە چەند بەندیخانەیەک هەندێک لەو کەسانەی کە نیشانەی ئاشکرای تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک تا و کۆکەیان پێوە دیار بووە تەنیا پلەی تایەکەیان تاقی کراوەتەوە و دیسانەوە نێردراونەتەوە بۆ بەندە گشتییەکان بۆ لای بەندکراوەکانی دیکە.

لەو ڕووەوە کە ناوەندە تەندروستییەکانی بەندیخانەکان کەمترین کەرەستەکانی تەندروستیشیان لە بەردەستدا نییە، پێدەچێت لە ئەگەری تەشەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە لە بەندیخانەکاندا کارەساتێکی مرۆیی ڕووبدات.

ئەو سەرچاوانە هەروەها باسی ئەوەیان کرد کە لە مانگی ڕێبەنداندا ٣٠٠ بۆ هەزار بەندکراوی تازە بۆ بەندیخانە جیاوازەکان ڕەوانە کراون، گوایە ئەو بەندکراوانە پاش چەند ڕۆژێک مانەوە لە بەندە قەرەنتینەکاندا ڕاستەوخۆ نێردرون بۆ بەندە گشتییەکان.

هەروەها لە کاتێکدا کە بەرپرسە دادوەرییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە مانگەکانی ڕەشەمە و خاکەلێووەدا مۆڵەتی چوونە دەرەوە دەدرێتە بەندکراوەکان، تا ئێستا هیچ بەندکراوێکی سیاسیی ئەو مۆڵەتەی پێنەدراوە،

ئەو سەرچاوانە هەروەها باسیان لەوە کرد کە لەم ماوەیەی دواییدا مادەی بەهێزکەریی بەرگریی جەستە وەک سیر و زەنجەفیل بە دەگمەن لە بەندیخانەکاندا دەست دەکەون و ئەگەریش هەبن بە نرخی ٥ بۆ ١٠ ئەوەندە دەفرۆشرێن.

چەند کەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵانە لە لێدوانەکانیاندا بۆ تۆڕ باسی ئەوەیان کرد کە پزشکەکانی بەشی تەندروستیی بەندیخانەکان تەنانەت لە دۆخی ئاساییشدا تەنیا حەبی ئێشبر دەنە بەندکراوە نەخۆشەکان، لە ئێستادا لە ئەگەری تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکاندا کە بە هەزاران بەندکراوی لەبەر نەبوونی جێگای لە ناو کریدۆرەکان ڕاگیراون مەترسی کارەساتی مرۆیی لەئارادایە.