تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە بەندکراوێک بەناوی “فەریق محەمەدی” کە لە دوو هەفتە پێش ئێستاوە بەهۆی نەخۆشیی ئاسم و دڵەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە کرابوو، ئەمڕۆ ٩ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٨ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.

فەریق محەمەدی بەهۆی تاوەنگەلی پەیوەندیدار بە مادە سڕکەرەکان لە بەندیخانە بوو، ناوبراو سەرەتا بە بەندکردنی هەتاهەتایی سزادرابوو، بەڵام دوایە ئەو سزیە بۆ ٢٥ ساڵ بەندکران کەم کرابووەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە تووشبوونی ئەو بەندکراوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، بەڵام تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ ناوەندێکی بەرپرسیار هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەو بەندکراوەی ئاشکرانەکردووە.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسی گواستنەوەی بەپەلەی چوار بەندکراوی بەندیخانەی ورمێ بۆ نەخۆشخانەی کرد و گوتی: “ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو بەندکراوێک لە بەشی ٣-٤ و سەرلەبەیانی ئەمڕۆش ٣ بەندکراو لە بەشی ١٤ی بەندیخانەی ورمێوە بەپەلە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە ڕەوانەکران”.

ئەندامێکی بنەماڵەی یە بەندکراوە سیاسییەکانی ئەو بەندیخانەیە لە لێدواندا بۆ تۆڕ گوتی: “هۆکاری گواستنەوەی کوتوپڕی ئەو چوار بەندکراوە هێشتا نادیارە، بەڵام هەندێک دەنگۆ هەیە کە دەڵێن ئەو بەندکراوانە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەم دۆخەدا فشارێکی دەروونیی لەڕادبەەر لە سەر بەندکراوەکان و بنەماڵەکانیانە”.

لە بەردەوامیشدا گوتی: “لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەموو هاتووچۆکانی نێوان بەشەکان قەدەغە کردووە و دۆخی بەندیخانەکە ئەمنی کراوە”.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕاپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە و تێیدا ئاشکرایکردبوو کە ئەگەری تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە ئارادایە.