ژمارەیەکی بەندکراوانی سوننە مەزهەبی بەندیخانەی ڕەجایی شەهر لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکاندا و داوایان لە ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی کردووە ڕێگری بکەن لەوە کارەساتێکی مرۆیی لە بەندیخانەکاندا ڕووبدات.

ئەو بەندکراوانە لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە داوە کە بەڕێوبەرایەتیی بەندیخانەکان گوێی لەو پرسە خەواندووە و ئاشکرایان کردووە کە ئەگەری هەیە پاسەوانەکانی بەندیخانەکان کە هاتووچۆی دەرەوەی بەندیخانە دەکەن ئەو ڤایرۆسە بۆ ناو بەندیخانەکان بگوازنەوە.

لەو نامەیەدا هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لە بەندیخانەکاندا ئەوەندەی پێویست کەرەستەی پاککەرەوە لە بەر دەستدا نییە و هیچ دەرفەتێکیش بۆ تاقیکردنەوە و پشکنینی پزشکیی ئەو بەندکراوانەی گومان هەیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن دابین نەکراوە.