تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی ڕەشەمە / ٠٣.١١، بەندکراوێک بەناوی “کورۆش موحێبی” بەهۆی هەناسەتەنگی لە بەندی ٢-١ی بەندیخانەی ورمێوە بۆ ناوەندی تەندروستیی بەندیخانە گواستراوەتەوە و پاش ئەوەی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای پێوە بینراوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە کراوە.

لە ئێستادا لانیکەم ٥ بەندکراو بەگومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا لە قەرەنتینەیەکی تایبەتدا لە بەندیخانەی ورمێ لەژێڕ چاودێریدان.

پێشتر سەرچاوەیەک باسی دامەزراندنی قەرەنتینەیەکی تایبەتی لەو بەندیخانەیەدا کردبوو و گوتبووی: “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوابەدوای زیادبوونی ژمارەی ئەو بەندکراوانەی گومان هەیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن، قەرەنتینەیەکی تایبەت لەو بەندیخانەیەدا سازکراوە و ئەوانەی پێدەچێت تووش بووبن دەنێڕدرێنە ئەو شوێنە”.