چەنگیز قەدەم خێر“، بەندکراوی سیاسیی کورد پاش سێ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە بەندیخانەی مەسجد سولەیمان بەهۆی خوێنبەربوونی گورچیلە و پاش بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە و پزشكانی نەخۆشخانە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

سەرچاوەیەکی نزیک بەو بەندکراوە سیاسییە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “چەنگیز قەدەم خێر ڕۆژی شەممە لە چواەمین ڕۆژی مانگرتنیدا دیسانەوە تووشی خوێنبەربوونی گورچیلە بووە و براوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە”.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، پزشکانی نەخۆشخانەکە ڕەوشی چەنگیز قەدەمخێریان مەترسیدار ڕاگەیاندووە و هۆشدارییان داوە ئەگەر مانگرتنەکەی نەشکێنێت گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

ئەو پزشکانە هەروەها ڕایانگەیاندووە پێویستە بەزوویی نەشتەرگەریی گورچیلە بۆ چەنگیز قەدەم خێر ئەنجام بدەن، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کرۆنا نەخۆشخانەکان پڕن و دەرفەتی ئەو کارە نییە.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی چەنگیز قەدەم خێر لە ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمەوە / ٠٣.٠٤ وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بە پێڕانەگەیشتنی پزشکی و ڕێگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێڕان بۆ پێدانی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە بۆ ئەو بەندکراوە مانی لە خواردن گرتبوو.

چەنگیز قەدەم خێر مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ / ٢٠١١.٠٦ دا لە کاتێکدا دەستبەسەرکرا کە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لێکردبوو و گولـلەیەک بەر گورچیلەی کەوتبوو. ئەو گولـلەیە ئێستاش لە گورچیلەیدا ماوەتەوە و وایکرد کە یەک لە گورچیلەکانی بەتەواوی لەکار بکەوێت.

لەکاتێکدا کە گورچیلەکەی دیکەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ماوەیەکی زۆرە چڵکی کردووە و تووشی خوێنەبربوون بووە، بەرپرسانی بەندیخانەی مەسجد سولەیمان نە بە نەخۆشخانەی دەرەوە بەندیخانەی دەکەن و نە مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەش دەدەن.

دانیشتنی دادگاکەی چەنگیز قەدەم خێر لە مانگی خەرمانانی ١٣٩١ / ٢٠١٢.٠٩ لە لقی یەکی دادگای شۆڕسی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “حەسەن بابایی” بەڕێوەچووبوو.

دادگای شۆڕشی سنە لە ئەنجامدا، چەنگیز قەدەم‌خێڕی بە تۆمەتی “دژایەتیکردنی خودا (محاربە) لەڕێگەی ئەندامبوونی کۆمەڵە” بە ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی منەسجد سەلەیمان سزادا. سەرەڕای ئەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە تانەی لەو سزایە دا، بەڵام هەرگیز وەڵامی تانەکەی نەدرایەوە. چەنگیز قەدەم‌خێڕ لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٢دا / ٢٠١٣.٠٤ لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی مەسجد سولەیمان گوازرایەوە