سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستاندا ڕایگه‌یاند زه‌ینه‌ب جه‌لالیان گواستراوەته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

به‌ وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌ ئاگاداره،‌ ڕۆژی‌ ڕابردوو و دوابه‌داوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی تووشبوونی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و مۆڵەتنەدانی وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات بە گواسته‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان، سەرئەنجام ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ لە‌ ژێر چاودێری و ڕێوشوێنی چڕوپڕی ئه‌منیه‌تیدا له‌ به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كی وه‌رامینەوە گواستراوه‌تەوە بۆ‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م به‌ندیخانه‌یه ‌و له‌ لایه‌ن پزیشكی پسپۆڕه‌وه‌ پشكنینی بۆ كراوه.؛ «دوای پشكنین و تاقیكردنه‌وه‌ تایبه‌تیه‌كان، پزیشكه‌ پسپۆڕه‌كان ڕایانگه‌یاندوه‌ كه‌ تووشبوونی ناوبراو به‌ نه‌خۆشیی كۆڤید ١٩ حه‌تمییه‌ و به‌ پێی وێنه‌كانی سی‌تی ئێسكه‌ن، ڤایرۆسی كۆرۆنا‌ شانه‌ی سییه‌كانی گرتۆتەوە‌ و كڵۆی خۆێن له‌ سییه‌كانیدا دروست بووه‌».
پزیشكێكی پسپۆڕ له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستاندا وتی به‌و پێیه‌ی كه‌ دۆخی ئێستای زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ناجێگیره، پێویستە‌ ناوبراو له‌ شوێنێكی ئارام و دوور لە سترێس بێت و پێداویستیی ته‌ندروستی گونجاوی بۆ دابین بکرێت، هه‌روه‌ها پێویستە تا کاتی دەربازکردنی ئەم دۆخە و ڕزگاربوون لە کۆرۆنا، خواردنی سالم و پاک بخوات و‌ له‌ ژێر چاودێریی پزیشكیشدا بمێنێته‌وه‌، ئەگەر پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بێت، پێده‌چێ كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌كێشانی‌ تووشی زیانێكی گەورە ببێت.
سه‌ره‌ڕای هەموو پێداگرییە پزیشكییەکان و ئەو ڕه‌وتە باوەی بۆ قۆناغی چاكبوونه‌وه‌ی تووشبووان بە کۆرۆنا دەگیرێتە بەر و ئاشکرایە لە ئاست زەینەب جه‌لالیانیشدا دەبێ هەمان ڕێوشوێن بگیرێتە بەر، کەچی دۆێنێ و دوای بردنه‌وه‌ی بۆ به‌ندیخانه‌ دیسان ڕه‌وانه‌ی به‌ندی گشتیی قه‌ره‌نتینه‌ كراوه‌ و ئێستا له‌گه‌ڵ “سوهه‌یلا حیجاب”، پارێزه‌ری كورد” له‌ یه‌ك ژوور ڕاگیراون. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ ڕۆژانی ڕابردوو زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له گه‌ڵ ژماره‌یەك بەندکراوی دیكەدا كه‌ ئەوانیش تووشی كۆرۆنا بوون، له‌ ژوورێكی جیاوازدا بوون.
عه‌لی جه‌لالیان، باوكی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، دوو ڕۆژ لەمەوپێش له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستاندا ڕایگه‌یاند ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ له‌ زیندانی قه‌رچه‌كی وه‌رامین تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌ و داوای کرد کچەکەی هه‌رچی زووتر بگوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان، هەروەها داوایشی كرد تا کاتی ڕزگاربوونی لەو ڤایرۆسە، بەردەوام پشكنینی پێشكه‌وتوو و پێداویستیی تەندروستیی بۆ دابین بكرێت. ناوبراو پێشتر نیگه‌رانیی خۆی بەرانبەر بە دۆخی جه‌سته‌یی كچه‌كه‌ی و مەترسیی تووشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاگەیاندبوو.
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان‌ ڕێكه‌وتی ١٠ی مانگی گوڵانی ئەمساڵ (٢٩/٤/٢٠٢٠) به‌ شێوه‌ی كتوپڕ له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانه‌وه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی خووی بۆ به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كی وه‌رامین گواسترایه‌وه‌ و تا ئێستا له‌ به‌ندی قه‌ره‌نتینه‌ی ئه‌م به‌ندیخانه‌یه‌دا ڕاگیراوه‌. باوكی ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ حه‌فته‌ی ڕابردوو به‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاندبوو له‌ ڕێگه‌ی كورته‌نامه‌یه‌كه‌وه‌ ئاگادار كراوەتەوە‌ کە دۆسیه‌ی كچه‌كه‌ی نێردراوه‌ته‌ لقی ١٠١ی دادگای تاران، به‌ڵام هیچ‌ ئاگادارییەکیان لە هۆکار و ناوەرۆکی ئه‌م دۆسیه‌ تازەیە‌ پێ نەداون.
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له‌ ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی ( ١٩٨٢ی زایینی) له‌ گوندی “دێم قشڵاق”ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له‌ دایك بووه‌. ناوبراو له‌ سه‌رماوه‌زی ساڵی‌ ١٣٨٦ی هه‌تاویدا (دیسامبری ٢٠٠٧) له‌ كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دوای چه‌ندین مانگ ڕاگرتن له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ئه‌م شاره و‌ كه‌وتنه‌ ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی فراوان، له‌ لایه‌ن دادگای ئینقلاب ئیسلامیی ئەو شارەوە به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و شەڕکردن لە دژی خوا لە ڕێگەی ئه‌ندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک)دا، سزای سێداره‌ی بۆ دەر چوو. ئه‌م سزایه‌ دوای په‌سه‌ندکردنی له‌ دادگای پیاچوونه‌وەدا لە‌ ساڵی ١٣٩٠ی هه‌تاویدا (٢٠١١) پلەیەک كه‌م كرایه‌وه‌ و بوو بە زیندانی هه‌تاهه‌تایی. ناوبراو به‌ درێژایی ئه‌م ساڵانه‌ له‌ به‌ندیخانەدا‌ تووشی نه‌خۆشیی جۆراوجۆری وه‌ك كزیی چاو، ناخونەكی چاو و نەخۆشیی دەم بوو.

کۆمیتەی دەستبەسەرکردنی نایاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٦) و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکات و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانەیە و پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.