بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتووە، بەندکراوێکی بەندیخانەی کامێران بە ناوی ڕۆستەم قوربانی کە دوو حەفتە لەمەوپێش بە هۆی تووشبوونەوە بە کۆرۆنا گواسترابوویەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە، ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ گیانی لەدەست دا.
ئەم بەندکراوە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕ، دوای ئەوەی دەرکەوت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و کەوتۆتە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیرەوە، گواسترابوویەوە بۆ نەخۆشخانە. هێشتا میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم بەندکراوەیان بڵاو نەکردۆتەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە لە سەرەتای کەوتنەوەی پەتای کۆرۆناوە تا ئێستا، لانیکەم ٦ بەندکراو کە نیشانەکانی تووشبوون بەو ڤایرۆسەیان پێوە دیار بووە، لە بەندیخانەکانی ورمێ و سەقز گیانیان لەدەست داوە. ناسنامەی ٥ کەس لەم بەندکراوانە کە تا ئیشتا زانراوە بریتین لە «فاتمە عەلیزادە، حەسەن جەوادی، فەریق موحەممەدی، ئەنوەر قوربانزادە و کەمال حسەینی».