به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سوهه‌یلا حیجاب له سی و دووهه‌مین رۆژی مانگرتنه‌كه‌یدا له به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك، له بارودۆخێكی ناله‌باردایه و مۆڵەتی پێوه‌ندیگرتنی ته‌له‌فۆنی بە بنه‌ماڵه‌كه‌یی پێ نادرێت و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نیشانه‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرنای پێوه دیاره، هێچ جۆره پێشكنین و خزمه‌تگوزاییه‌كی پزیشكیشی بۆ دابین نه‌كراوه.
هه‌روه‌ها تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار بۆ‌ته‌وه کە زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، به‌ندكراوی سیاسیی كورد، له ڕێكه‌وتی ٥ی پووشپه‌ڕ و له حاڵێكدا كه مانی له خواردن گرتبوو، به شێوه‌یه‌كی كتوپڕ له لایه‌ن بەرپرسانی ئه‌منیه‌تیی به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كه‌وه براوه‌ته ده‌ره‌وه و ئێستا له ژوورێکی تاكه‌كه‌سیی به‌ندیخانه‌ی كرماندایە. ئه‌مه له حاڵێكدایه کە هێشتا هۆکاری گواستنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه به شێوه‌ی فه‌رمی به بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌نراوه و مافی پێوه‌ندیگرتنی ته‌له‌فۆنی و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کەیی لێ زه‌وتكراوه.
پێده‌چێ زه‌ینه‌ب جه‌لالیان دوای دوورخستنه‌وه‌ی بێ‌هۆی بۆ به‌ندیخانه‌ی كرمان هێشتا له مانگرتندا بێت. ناوبراو له ڕێكه‌وتی ٣١ی جۆزه‌ردانه‌وه بە مەبەستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری خووی یان گواستنه‌وه‌ی بۆ زیندانی ئێوین و هه‌روه‌ها پێڕاگه‌شتنی پزیشكی دوای تووشبوونی به ڤایرۆسی كۆرۆنا، ده‌ستی داوەتە مانگرتن. تووشبوونی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه به ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشتر له لایه‌ن پزیشكانی پسپۆڕی نه‌خۆشخانه‌وه پشتڕاست كرابۆوە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار، له‌سه‌ر دوایین بارودۆخی سوهه‌یلا حیجاب به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاند: «ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه له‌ڕۆژانی ڕابردوودا لەبەر نیشانه‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا و بێ‌هێزکەوتنی بەرچاو بە هۆی مانگرتنەوە، له به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كەوە ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی زیندان كراوه و دوای پشكنینه پزیشكییه‌كان، گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ زیندان.» ده‌وترێ سه‌ره‌ڕای پێداگریی پزیشكه‌كان لەسەر پێویستبوونی دانانی سێرۆم بۆ ئه‌م به‌ندكراوه سیاسیه، ناوبراو نەیهێشتووە سێرۆمی بۆ دابنێن و وتوویە تا داواکارییەکەم قبووڵ نەکرێت و نەگوێزرێمەوە بۆ زیندانی ئێوین درێژە بە مانگرتنەکەم ئەدەم.
هه‌روه‌ها ئه‌م سه‌رچاوه ئاگاداره وتی: «سه‌ره‌ڕای تووشبوونی سوهه‌یلا حیجاب به ڤایرۆسی كۆرۆنا و ناجێگیربوونی بارودۆخی، به بێ ئەوەی هیچ پێداویستییه‌كی پزیشكیی بۆ دابین بکرێت، به‌رپرسانی زیندان گه‌ڕاندوویانە‌ته‌وه بۆ ناو بەندیخانە. ناوبراو له زیندانیش‌دا به دەستووری به‌رپرسان ئیزۆله كراوه و لە خەڵکیان دوور خستۆته‌وه و ڕێگەی پێ نادرێت لەگەڵ بەندکراوانی‌تردا پێوه‌ندی بگرێت».