به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ی گه‌لاوێژ، دانیشتنی دادگاییكردنی محه‌ممه‌د مورادی، هاووڵاتیی خه‌ڵکی پیرانشار كه لە مانگی گوڵانی ١٣٩٧ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو، له لقی یه‌كی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مه‌هاباد به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر جه‌واد غوڵامی به‌ڕێوه چوو، تۆمه‌ته‌كانی ئه‌م هاووڵاتییه كورده بریتین له «ئه‌ندامبوون له گرووپەکانی دژ بە وڵات‌دا» و «بەزاندنی به‌زاندنی نایاسایی سنوور».
ده‌وترێ پارێزه‌ری ناوبراویش ئامادەی دادگاییەکە بووه و دانیشتنەکە تا دوایین كاتی ئیداری درێژه‌ی کێشاوە، هەر بۆیە سەرۆکی دادگا وەرگرتنی دوایین به‌رگرییەکەی بۆ دانیشتنی داهاتوو بەجێ هێشت.
یەکەم دانیشتنی دادگای محه‌ممه‌د مورادی لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٨دا و بە بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد به‌ڕێوه چووبوو.
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاندبوو كه دۆخی ته‌ندروستیی محه‌ممه‌د مورادی لەبەر ئه‌شكه‌نجه‌دانەوه له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ‌دا ناجێگیره و هاوكات چه‌ندین نه‌خۆشیی دیکەیشی لەگەڵە، کەچی بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە ئامادە نین هیچ پێڕاگەیشتن و پێداویستییەکی تەندروستیی و پزیشكیی بۆ دابین بکەن.
محه‌ممه‌د مورادی خه‌ڵكی گوندی “قه‌برە حوسێن”ی پیرانشاره کە ٢ی گوڵانی ١٣٩٧، دوای ئەوەی بنەماڵەکەی له‌گه‌ڵ سپای پاسدارانی پیرانشاردا لەسەر گەڕانەوەی بۆ ئێران ڕێکەوتنیان کرد، له هه‌رێمی كوردستانەوە گەڕایەوە ئێران، بەڵام له كاتی هاتنەوەیدا لە دەروازەی سنووریی كێله‌ی سه‌رده‌شتەوە، یەکسەر له لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه له ورمێ كرا. ناوبراو ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیتلاعاتی سپادا بە مەبەستی مەجبوورکردنی بە دانپێدانان ناڕەوا سەبارەت بە «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران‌دا» و گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی «چالاکیی چەکداری» خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە لە دادگاکەدا هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردبۆوە و بە ڕاشکاوی بە دادوەری وتبوو کە ئەو دانپێدانانەی بە زۆر و لە ژێر زەخت و ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە و ناچار بووه بێئه‌وه‌ی نووسراوەکان بخوێنێته‌وه واژۆیان بكات. ناوبراو له ساڵی ١٣٩٧دا چه‌ندین جار داوای پووچەڵکردنەوەی بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كاتی پێشکەشی دادگا کردبوو، به‌ڵام لقی دووی کەیفەریی ئه‌م دادگایە داواكارییه بەردەوامەکانی ئەویان ڕەت كردبۆوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە دادوەر جەواد غوڵامی دوو جار لە بەندیخانەی نەغەدە چاوی بە محەممەد مورادی کەوتووە و پێی ڕاگەیاندووە بە مەرجێک لەو دۆخە ڕزگاری دەبێت کە دژ بە حیزبە کوردستانییەکان هاوکاریی سپای پاسداران بکات و دان بەو تۆمەتانەدا بنێت کە ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان بۆیان هەڵبەستووە. بەڵام ئەو ئامادە نەبووە هاوکارییان بکات و هەر بۆیەش تا ئێستا چارەنووس و دۆسییەکەی بە هەڵپەسێرراوی ماوەتەوە.
محەممەد مواردی، تەمەن ٣٥ ساڵە، ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و باوکی دوو منداڵیشە. ناوبراو هەروەها برای دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “سادق مورادی” و “عەبدولرەحمان مورادی“یە. هەر دوو براکەی لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا/ ٢٠١٩.٠٩ بە هۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و پاشانيش ئەشکەنجەدانیان، لە ناوچەی سنووری “کۆتران”ی قەندیل کوژران.