به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، میهرەبان کەشاوەرزی، خوێندکار و ئەکتەری شانۆ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ٣ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانیکردن ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.
مێهرەبان کەشاوەرز خەڵکی مەریوان و خوێندکاری شانۆیە لە زانکۆی هونەرە جوانەکاندا و پێشتر لە خەرمانانی ١٣٩٤ لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و دوای نزیکەی مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
ناوبراو ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی تاراندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» حوکمی یەک ساڵ زیندانیکردنی بە سەردا سەپابوو کە لە ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٨ و لە لقی ٥٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاراندا، کەم کرایەوە بۆ ٣ مانگ و یەک ڕۆژ.