به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئه‌كبه‌ر ڕه‌شیدی، به‌ندكراوی عه‌قیده‌تی كه‌ بە ڕێژەی ٧٠% خاوەن پێداویستی تایبەتە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕه‌زایی بەرانبەر بە بەندکرانی له‌ به‌ندیخانه‌ی ورمێدا، له‌ به‌رانبه‌ر نووسینگه‌ی پاسەوانیی زیندانەکەدا دانیشتووە و مانی لە خواردن گرتووە.
ئه‌م به‌ندكراوه‌ عه‌قیده‌تییه‌ دوو ڕۆژ پێش له‌ به‌ندی زیندانییانی سیاسی و مه‌زهه‌بیه‌وه‌ گواستراوەتەوە بۆ نه‌خۆشخانه‌ی زیندان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ جارێكی‌تر گەرێندراوەتەوە بۆ ناو به‌ند، هەر بۆیە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕه‌زایی بەرانبەر بە ڕاگرتنی له‌ زینداندا له‌ به‌رانبه‌ر نووسینگه‌ی پاسەوانیی زیندانەکەدا دانیشتووە و مانی لە خواردن گرتووە. ئازادنەکردنی ئەم بەندکراوە لە حاڵێکدایە کە پزیشکیی یاسایی بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە ناوبراو توانای مانەوەی لە زینداندا نییە و دەبێ ئازاد بکرێت.
ئه‌كبه‌ر ڕه‌شیدی، هاووڵاتیی كوردی خه‌ڵكی ورمێ، له‌ ڕێكه‌وتی ١٨ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٨دا به ‌ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و دوای ٤٨ ڕۆژ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتدا گواسترایه‌وه‌ بۆ زیندانی ئه‌م شاره‌.
ناوبراو کە ساڵانێكی زۆره‌ له‌ ژێر چاودێریی ئیداره‌ی بێهزیستیدایه‌ و بە یارمەتیی ئەو ڕێکخراوەیە دەژی،‌ به‌فرانباری ساڵی ١٣٩٨ به‌ تۆمه‌تی «به‌غی» له‌ ڕێگای ئه‌ندامبوونەوە له‌ گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ مه‌زهه‌بییه‌كاندا و‌ هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و پڕوپاگه‌نده‌ی دژی حکوومەت، سێ حوکمی ١٥ ساڵ، ٥ ساڵ ٢ یەک ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە کە به‌پێی‌ ماده‌ی ١٣٤ی یاسایی كۆکردنەوەی حوكمه‌كان، ١٥ساڵ زیندانەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.