به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، زیندانیی سیاسیی کورد عادڵ موکەڕەم، بۆ جاری دووهەم مانی لە خواردن گرتووە، ناوبراو حەفتەی ڕابردوویش بۆ ماوەی سێ رۆژ مانی گرتبوو. دوای ئەوەی کە بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بەڵێنیان دابوو کە بەدواداچوونی بۆ داواکارییەکانی بکەن کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە دوای ئەوەی نامەی مانگرتنی دووبارەی پێشکەشی بەرپرسان کرد، لە بەردەم نووسینگەی پاسەوانیی زینداندا دانیشتبوو ، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا.
عادڵ موكه‌ڕه‌م نزیكه‌ی یازده‌ مانگ پێش و دوای ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ستی ده‌وڵەتی توركیا‌ ده‌ستبه‌سه‌ر کرا، ڕادەستی ئێران کرابوویەوە، کەچی هێشتا چاره‌نووسی نادیاره‌، هەر بۆیە ١٣ی ڕەزبەر بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین بەرانبەر به‌ نادیاربوونی چارەنووسی دوسیەکەی، به‌ دورینه‌وه‌ی لێوی‌ مانی له‌ خواردن گرت و پاش تێپەڕینی ٣ ڕۆژ و بەپێی بەڵێنی بەرپرسان و دادوەری چاودێری بەندیخانە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانی، بە شێوەی کاتی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.
تۆمه‌تی ناوبراو ئه‌ندامبوونە له‌ حیزبی دیمۆكراتی کوردستانی ئێراندا‌ و بەزاندنی نایاسایی‌ سنوور، بەڵام بە درێژایی ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی و بنه‌ماڵه‌کەی بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیه‌كەی‌ بێ‌ئاكام بووه‌.
عادڵ مه‌كه‌ڕه‌م له‌ سه‌رماوه‌زی ساڵی پاردا دوای ٣ مانگ مانه‌وه‌ له‌ توركیا و له‌ حاڵێكدا کە داواكاریی په‌نابه‌رییه‌كه‌ی له‌م وڵاته‌دا تۆمار كرابوو، به‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕاده‌ستی ئێران كرایه‌وه‌، ناوبراو ماوه‌ی ٢٠ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی خووی و زیندانی ئه‌م شاره‌ ڕاگیرا‌ و دوای ئه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی زیندانی ورمێ كرا.