ئاماری هەوڵەکانی خۆکوشتن لە بەندیخانەی ورمێ لەم چەند حەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نیگەرانکەر زیادی کردووە و لە یەک لەو حاڵەتانەدا بۆتە هۆی گیان‌لەدەستدانی بەندکراوێک بە ناوی کەریم خاجەپوور.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی بەندیخانەی ورمێ، سەبارەت بەم ڕووداوانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە حەفتەی ڕابردوودا لەسەر تووشبوونی سەرۆکی بەندیخانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها گواستنەوەی چەندین بەندکراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە کە پێدەچێ تووشی کۆرۆنا بووبن، دۆخی بەندیخانەکە شێواوە، هەر ئەم دۆخە دژوارەی سەر بەندکراوان وای کردووە هەموو ڕۆژ هەواڵی خۆکوشتنی بەندکراوانی بەندە جۆراوجۆرەکان بڵاو ببێتەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەندکراوێکی ٣٢ ساڵەی خەڵکی ورمێ بە ناوی کەریم خاجەپوور، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەزبەر لە بەندی ٤-١ی بەندیخانە و لەڕێی خواردنی ڕێژەیەکی زۆری مادەی هۆشبەری شیشەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە کە دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە. ئەم زیندانییە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بووە و لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە لە زینداندا بووە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها دوای ئاماژەکردن بە هەوڵی خۆکوشتنی عادڵ موکەڕەم، زیندانیی سیاسی و ٤ بەندکراوی دیکەی بە ناوەکانی تەوحید غەزنەوی، بابەک سۆفی، حوجەت دڵارام و میلاد لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی قەرەنتینەدا، دەڵێ کەشوهەوایەکی تەواوئەمنییەتی بەسەر بەندیخانەدا زاڵ بووە و هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەوڵەکانی خۆکوشتنەکان دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی دژوار و گوشارە دەروونییەکانی نێو ئەم بەندیخانەیە.