نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٤ی گەڵاڕێزان، زیندانیی سیاسیی کورد عەلی محەممەدی‌موقەدەم، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر نەگواستنەوەیدا بۆ نەخۆشخانە، مانی لە خواردن گرت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەر لقی ٢ی دادگای سەربازیی تاران لە دووتوێی نامەیەکدا کە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی ناردووە، بە لەبەرچاوگرتنی نەخۆشیی شیزۆفرینیای عەلی محەممەدی‌موقەدەم داوای کردووە ناوبراو بگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون ئەم زیندانییە ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکەن».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٤ی گەڵاڕێزان ئەم زیندانییە سیاسییە بە نووسینی نامەیەک ڕایگەیاندووە تا کاتێک کە دەبرێتە نەخۆشخانە یاخود مۆڵەتی پشووی دەرمانیی پێ دەدرێت، بە شێوەی بێ‌سنوور مان لە خواردن دەگرێت.
ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لە بەروای ١٩ی ڕەزبەردا بە دوورینەوەی لێوەکانی بۆ ماوەی حەفتەیەک مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو بە هۆی ١٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا تووشی نەخۆشیی شیزۆفرینیا بووە و کۆمیسیۆنی پسپۆڕ لە بەشی دەروونپزیشکیی پزیشکیی یاسایی ورمێش ئەم بابەتەی پشتڕاست کردۆتەوە.

عەلی محەممەدی‌موقەدەم، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، ماستەری زانستە سیاسییەکانی هەیە و لە ئەندامانی ئەرتەشی ئێران بووە کە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە بەفرانباری ١٣٨٧ و لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تاران دەستبەسەریان کرد و دوای ١٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ٣٧ی ئەرتەش و ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، گواسترایەوە بۆبەندی گشتیی بەندیخانەی ئێڤینی تاران.
ناوبراو دوای دوو ساڵ چاوەڕوانی، لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٩دا لە لایەن لقی دووهەمی دادسەرای سەربازیی تارانەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی سیخوڕیکردنەوە بۆ دەوڵەتەکانی ئامریکا و ئینگلیس، حوکمی ١٨ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ورمێی بە سەردا سەپا. ناوبراو لەم دادگایەدا مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ سەنرابوویەوە. حوکمەکە دوای مانگێک لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و ئەم بەندکراوە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٨٩دا گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.
عەلی محەممەدی‌موقەدەم لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار پشووی کاتی یان مورەخەسیی وەرگرتووە، بەڵام خەرمانانی ساڵی ڕابردوو و لە کاتی مورەخەسیدا، کاتێک کە دەیویست لە ئێران بچێتە دەرەوە لە شاری خووی بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە ئیتر مافی مورەخەسی و تەنانەت وەرگرتنی چارەسەر و دەوا و دەرمانیشی لێ زەوت کراوە.