سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له دۆسیه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، به‌ندكراوی سیاسیی كورد كه حوکمی زیندانی هه‌تاهه‌تایی بەسەردا سەپاوە، له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕایگه‌یاند کە ناوبراو بۆ به‌ندیخانه‌ی یه‌زد دوور خراوەتەوە.
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی گه‌ڵاڕێزان له پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی دوو خولەکیدا بنه‌ماڵه‌کەی ئاگادار کردۆتەوە كه گواستراوه‌ته‌وه بۆ به‌ندیخانه‌ی یه‌زد و له ڕێگادا كه‌وتۆ‌ته به‌ر لێدان و ئه‌شكه‌نجه و هه‌ڕه‌شه و سووکایەتیی ڕاگوێزەرانەوە: «به‌رپرسە ئه‌منییه‌کان ڕۆژی ١٩ی گه‌ڵاڕێزان پێیان وتووە به‌پێی فه‌رمانی یاسایی بڕیارە بگواسترێتەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی ورمێ، به‌ڵام زه‌ینه‌ب کاتێک له ڕێگادا دەزانێت به‌ره‌و شارێكی‌تری ده‌به‌ن، ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕێ و هەر بۆیە له لایه‌ن به‌رپرسە ئه‌منییه‌کانه‌وه ده‌كه‌وێته به‌ر لێدان و هه‌ڕه‌شه و سووکایەتیكردن».
ئه‌م سه‌رچاوه‌یە له درێژه‌دا وتی: «ڕۆژی ١٩ی گه‌ڵاڕێزان هاوكات له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییەدا له به‌ندیخانه‌ی كرماشان، باوكی كه دانیشتووی شاری ماكۆی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوایە، لە مەسێجێكدا پێی ڕاگەیەنراوە دۆسیه‌ی كچه‌كه‌ی براوه‌ته لقی یه‌كی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی یه‌زد».
گواستنه‌وه‌ی دووباره‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له حاڵێكدایه كه بارودۆخی جه‌سته‌یی ناوبراو به‌هۆی تووشبوونی به ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێڕانه‌گه‌یشتنی پزیشكییەوە ناجێگیره، ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه به هۆی مانه‌وه‌ی درێژخایه‌ن لە زینداندا و هەروەها بارودۆخی دژواری به‌ندیخانه تووشی نه‌خۆشیی جۆرواجۆر بووه و پاش تووشبوونی ئه‌م دواییانه‌ی به كۆرۆنا له به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك، تووشی نەخۆشیی ئاسمیش بووه.
پێشتریش دوای گواستنه‌وه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له به‌ندیخانه‌ی كرمانەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی كرماشان، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وتبوو: «له كاتی گواستنه‌وه‌ی زینه‌ب جه‌لالیاندا بۆ زیندانه‌كانی كرمان و كرماشان، بەردەوام کەلەبچە و پێبه‌ندی لێ دراوە و کاربەدەستە ئەمنییەکان هێندەیان بەسەر زەویدا ڕاکێشاوە کە ده‌ست و پێیەکانی به قورسی بریندار بووە و تا ئێستایش جێگاكانی هەر دیاره».
تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان هه‌روه‌ها ئاگادار كراوه‌ته‌وه کە ١ی ڕه‌زبه‌ر، لە کاتی گواستنەوەی زەینه‌بدا بۆ زیندانی كرماشان، هێندە دۆخی تەندروستیی ناجێگیر بووە کە به‌رپرسانی زیندانی كرماشان سه‌ره‌تا خۆیان له وه‌رگرتنی بواردووه و دواجار تەنیا به نێوانگری و لەسەر داخوازی داواکاری گشتیی دادسەرای گشتی و ئینقلابی كرماشان، ئامادە بوون وه‌ری بگرن.
فاتمه كه‌ریمی، به‌رپرسی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، له سه‌ر گواستنه‌وه‌ی دووباره‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان وتی: «له ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردوودا ئه‌مه چواره‌م جاره زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ده‌گوێزرێته‌وه، یان باشتره بڵێم دوور ده‌خرێته‌وه بۆ به‌ندیخانه جۆراوجۆره‌كانی ئێران. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه نه‌ته‌نیا حوكمه‌كه‌ی خانمی جه‌لالیان دوورخستنه‌وه‌ی تێدا نییه، به‌ڵكوو له هه‌موو گواستنه‌وه یەک لەدوای یەکەكانی ئه‌م شه‌ش مانگه‌ی دواییدا هیچ جۆره بڕیارێکی یاسایی دادوەر یان هۆكارێكی یاسایی بۆ ئەم دوورخستنەوانە لە ئارادا نەبووە. هه‌روه‌ها به‌پێی خا‌ڵی یه‌كی ماده‌ی ٢٣٤ی پێڕەوەی ناوخۆی ڕێكخراوه‌ی به‌ندیخانه‌كان، ئه‌م ڕێكخراوه ده‌بێ وەها ڕێوشوێنێک بگرێتە بەر كه مه‌حكوومكراوان لەسەر داوای شەخسیی خۆیان بگوێزرێنەوە بۆ نزیکترین زیندان بە شوێنی نیشته‌جێبوونی بنه‌ماڵه‌كانیان و لەوێ حوكمه‌كانیان تێپه‌ڕێنن».
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له سێزده‌هه‌مین ساڵی زینداندا، له به‌ندیخانه‌ی خوویەوە كه نزیكترین به‌ندیخانه‌یه به شوێنی نیشته‌جێبوونی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له ماكۆ، له ڕێكه‌وتی ١٠ی مانگی گوڵانی ئه‌مساڵدا به شێوه‌یه‌كی كتوپڕ له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه سه‌ره‌تا بۆ به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك گواسترایه‌وه و دوای دوو مانگ له حاڵێكدا کە تووشی پەتای كۆڤید ١٩ ببوو و لەپێناو قبووڵکردنی داواکەیدا لەسەر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ به‌ندیخانه‌ی خووی له مانگرتندا بوو، دیسان به جۆرێكی هاوشێوه گواسترایه‌وه بۆ به‌ندیخانه‌ی كرمان و بۆ ماوه‌یه‌كیش خرابوویەوە ژووری تاكه‌كه‌سییەوە. هێزە ئەمنییەکان له ڕێكه‌وتی ١ی ڕه‌زبه‌ردا بۆ جارێکی‌تر ئه‌م زیندانییە سیاسییه كورده‌یان له به‌ندیخانه‌ی كرمان برده ده‌ره‌وه.
به‌رپرسی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان دوای ده‌ربڕینی نیگه‌رانیی خۆی له ئاست بارودۆخی ئێستای زه‌ینه‌ب جه‌لالیاندا، لەسەر ئەو مەترسییە ئه‌منی و ته‌ندروستییانەی هه‌ڕه‌شه له گیانی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه ده‌كەن هۆشداریی دا: «ئێمه به توندی نیگه‌رانی بارودۆخی زه‌ینه‌ب جه‌لالیانین و گواستنه‌وه‌ی چه‌ندین جاره‌ی ناوبراو لەم چه‌ند مانگه‌ی دواییدا به به‌شێك له پلانی ڕێكخراوه ئه‌منییه‌كان ده‌زانین بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دانی جه‌سته‌یی و ڕۆحی و خستنه ژێر گوشاری ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه، ئێمه ئاگادارین كاتێك زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك بووه، دوو كه‌س له به‌رپرسانی ئه‌منی له ژێر ناوی پارێزه‌ری مافی مرۆڤدا دیداریان له‌گه‌ڵ كردبوو و بە مەبەستی ناچارکردنی زه‌ینه‌ب به هاوكاریکردنی ڕێكخراوه ئه‌منییه‌كان و ئەنجامدانی چاوپێكه‌ستنی تێله‌ڤیزیۆنی، تەماحێکی زۆریان خستبووە بەردەمی. هه‌ر چه‌ند ڕازینەبوون و بەرخۆدانی زەینەب وای کردبوو پلانه‌كه‌یان سەر نەگرێت، به‌ڵام له ئێستەدا لە ڕێگه‌ی ئه‌م گواستنه‌وه و دوورخستنه‌وانەوە بۆ به‌ندیخانه‌كانی كرمان و یه‌زد كه زۆر دوورن لە شوێنی نیشته‌جێبوونی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، درێژەیان بە زەخت و گوشارەکانیان داوە».
به وته‌ی فاتمه كه‌ریمی، سه‌رجه‌م ئه‌م گواستنه‌وانه نایاسایین و له حاڵێكدا ڕوو ده‌دەن كه دوو پارێزه‌رەکەی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان بە کردەوە لەسەر دۆسیەکە نەماون؛ ئه‌میرسالار داوودی ئێستا له به‌ندیخانه‌دایه و موحه‌ممه‌د شه‌ریفیش هێشتا لای ئێمە ڕوون نییه بۆچی لەسەر دۆسیەکە نەماوە. له ڕاستیدا زەینەب ئێستا هیچ پارێزه‌رێكی بۆ به‌دواداچوونی کاروبارە یاساییەکانی نییە. به‌رپرسی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان داوای له هه‌موو ڕێكخراوه‌کانی مافه مرۆڤ کرد لە ئاست ئه‌م هەڵسوکەوتە نایاساییانە له‌گه‌ڵ زه‌ینه‌ب جه‌لالیاندا، به تایبه‌ت له ئاست چوار جار دوورخستنه‌وه و گواستنەوەدا کە بۆ هیچ به‌ندكراوێكی‌تر ڕووی نەداوە، بێنه ده‌نگ و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان ده‌رببڕن و ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه تێكه‌ڵ كه‌ن به داوای ئازادبوونی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له سەروبەندی پازده‌هه‌مین ساڵی به‌ندکرانیدا.
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی له گۆندی “دێم قشڵاق”ی سه‌ر به شاری ماكۆ له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له دایك بووه. ناوبراو له سه‌رماوه‌زی ساڵی ١٣٨٦ی هه‌تاویدا له كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دوای چه‌ندین مانگ ڕاگرتن له ژووری تاكه‌كه‌سیی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ئه‌م شاره و كه‌وتنه ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی فراوانەوە، له لایه‌ن دادگای ئینقلاب ئیسلامیی ئەو شارەوە به تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و شەڕکردن لە دژی خوا لە ڕێگەی ئه‌ندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک)دا، سزای سێداره‌ی بۆ دەر چوو. ئه‌م سزایه دوای په‌سه‌ندکردنی له دادگای پیاچوونه‌وەدا لە ساڵی ١٣٩٠ی هه‌تاوی، پلەیەک كه‌م كرایه‌وه و بوو بە زیندانی هه‌تاهه‌تایی. ناوبراو به درێژایی ئه‌م ساڵانه له به‌ندیخانەدا تووشی نه‌خۆشیی جۆراوجۆری وه‌ك كزیی چاو، ناخونەكی چاو و نەخۆشیی دەم بووه.
کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ١٣٩٥ و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکات و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانەیە و پێچەوانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.