به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەڵاڕێزان عادڵ موکەڕەم، زیندانیی سیاسیی کورد کە نزیکەی ١٠ مانگ لەمەوپێش لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕادەستی ئێران کرابوویەوە، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» حوکمی یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە حاڵێکدا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گەڵاڕێزان بە شێوەی ڤیدیۆیی دادگایی کرا کە مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو ڕایگەیاندووە تانە لە حوکمەکە نادات و قبووڵی دەکات، هەر بۆیە بەرپرسانی زیندان پێیان وتووە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئازاد ئەکرێت. 
ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر به‌ مەبەستی دەربڕینی ناڕه‌زایی لە بەرانبەر دۆخی نادیاری خۆی و دۆسیەکەیدا‌ مانی له‌ خواردن گرتبوو. ناوبراو لە ٢٧ی ڕەزبەرەوە و دوابەدوای سێهەم مانگرتنەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و لەو ماوەیەدا دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو. دواجار ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گەڵاڕێزان و دوای بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو. 
عادڵ مه‌كه‌ڕه‌م له‌ سه‌رماوه‌زی ساڵی پاردا دوای ٣ مانگ مانه‌وه‌ له‌ توركیا و له‌ حاڵێكدا کە داواكاریی په‌نابه‌رییه‌كه‌ی له‌م وڵاته‌دا تۆمار كرابوو، به‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕاده‌ستی ئێران كرایه‌وه‌، ناوبراو ماوه‌ی ٢٠ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی خووی و زیندانی ئه‌م شاره‌ ڕاگیرا‌ و دوای ئه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی زیندانی ورمێ كرا.