زیندانیی سیاسیی کورد چەنگیز قەدەم‌خێر، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئاگاداری کردوونەتەوە کە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی سپیداری ئەهواز.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە حاڵێکدا کە لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردا بووە، لە زیندانی مەسجدسڵێمانەوە گواستراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی سپیداری ئەهواز و تا ئێستا مافی یاسایی دەرمانی پزیشکیی لێ زەوت کراوە و هەر لە قەرەنتینەی ئەو زیندانەدایە.

تا ئێستا دیار نییە ئەم زیندانییە سیاسییە لەبەر چ هۆکارێک ئاوا لەپڕ گواستراوەتەوە.

چەنگیز قەدەم‌خەیر لە جۆزەردانی ١٣٩٠ و لە حاڵێکدا دەستبەسەر کرابوو کە بە هۆی تەقەکردنی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە گوللە بەر گورچیلەی کەوتبوو. ئەو گوللەیە کە هێشتا لە گورچیلەیدا ماوەتەوە، بۆتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلەیەکی و ئەوی دیکەشیانی تووشی کەمکاری و کێشە کردووە.

سەرەڕای ئەوەی گورچیلەکەی‌تری ئەم زیندانییە سیاسییە ماوەیەکی زۆرە تووشی چڵک و خوێن‌لەبەرچوون بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی مەسجد سڵێمان نەتەنیا هیچ کارێکیان بۆ دەرمانکردنی نەکردووە بەڵکوو لەبەر ناڕازیبوونی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران بەریان بە مۆڵەتی پشووی کاتی یان مورەخەسیی پزیشکیی ناوبراویش گرتووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکیدا، لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا دوو جار، جارێک ٣ ڕۆژ و جارێکی‌تر ١٤ ڕۆژ، مانی لە خواردن گرتووە.

چەنگیز قەدەم‌خەیر لە خەرمانانی ١٣٩١دا لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر حەسەن بابایی دادگایی کرا. دوای تەواوبوونی پرۆسەی دادگاکە، دادگای ئینقلابی سنە بە تۆمەتی «موحارەبە لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا» حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی مەسجد سڵێمانی بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییەدا سەپاند.

سەرەڕای ئەوەی چەنگیز قەدەم‌خەیر و هاودۆسییەکانی‌تری تانەیان لە حوکمەکانیان دابوو و داوای پیاچوونەوەیان کردبوو، بەڵام ئەم داواکارییەیان قەت وەڵامێکی وەرنەگرت. دواجار چەنگیز قەدەم‌خەیر خاکەلێوەی ١٣٩٢ لە زیندانی سنەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی مەسجد سڵێمان.