هادی ڕۆسته‌می كه به تۆمه‌تی «دزی» به بڕینه‌وه‌ی چوار په‌نجه‌ی ده‌ستی ڕاستی سزا دراوە، دوای گواستنه‌وه‌ی دووباره‌ی له زیندانی ناوه‌ندی ته‌ورێزەوە بۆ زیندانی ورمێ هێشتا له قه‌ره‌نتینه‌ی ئه‌م زیندانه‌دا ڕاگیراوه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له دۆسیه‌ی ئه‌م زیندانییە له سه‌ر دوایین بارودۆخی ناوبراو به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: له ڕێكه‌وتی ٢٩ی سه‌رماوه‌زدا( ١٠ی دێسامبری ٢٠٢٠) هادی ڕۆسته‌می به بێ ئاگادار كردنه‌وه‌ی پێشتر له زیندانی ناوه‌ندی ورمێوه دوور خرایه‌وه بۆ زیندانی ته‌ورێز و له‌وێشه‌وه دوای چه‌ند ڕۆژ و خۆبواردنی به‌رپرسانی زیندانی ته‌ورێز له وه‌رگرتنی درێژخایه‌نی ناوبراو ، ڕه‌وانه‌ی زیندانی ناوه‌ندی ورمێ كرایه‌وه.
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه، نزیكه‌ی چوار حه‌فته‌یه كه هادی ڕۆسته‌می سه‌ره‌ڕای ئەوەی کە داوای گواستنه‌وه‌ی بۆ ناو به‌ند کردوە، هێشتا له قه‌ره‌نتینه‌ی ئه‌م زیندانه‌دا ڕاگیراوه.
هادی ڕۆسته‌می له ڕێكه‌وتی ١٨ی سه‌رماوه‌زدا( ٨ی دێسامبری ٢٠٢٠) له نامه‌یه‌كدا بۆ عه‌لی گه‌ڕووسی، سه‌رۆكی دادگوستەریی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، ئاماژەی به‌و ئه‌شكه‌نجانە کردبوو کە کاربەدەستانی ئیداره‌ی ئاگاهی له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربوونیدا کردوویان و وتبووی هەر بەپێی ئەو دانپیانانەش کە لە ژێر ئەشکەنجەدا لە خۆی و هەردوو هاودۆسیه‌كه‌ی‌تری وەرگیراوە، سزایەکی نادادپەروەرانەیان بۆ دەرکردوون، هەر بۆیە داوای پێداچوونه‌وه‌ی بە دۆسیه‌كه‌دا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای بڕینه‌وه‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ستی كردووه.
به پێی ئاماره كۆكراوه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، هه‌نووكه شه‌ش زیندانی به ناوه‌كانی هادی ڕۆسته‌می ٣٣ ساڵێ، مێهدی شه‌ره‌فیان ٣٧ ساڵه، مێهدی شاهپووند ٤٢ ساڵه، شه‌هاب ته‌یمووری ٣٥ ساڵه، مێهرداد ته‌یمووری ٣٩ ساڵێ و كه‌سرا كه‌ره‌می ٤٠ ساڵه به تۆمه‌تی دزی سزای بڕینه‌وه‌ی چوار په‌نجه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه.